ئێران 50 دەروازەی دامەزراوە مووشەکییەکانی سەرلەنوێ دروست کردووەتەوە

بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی "CNN"ی ئەمریکی، وێنەی مانگە دەستکردەکان و شیکارییە هەواڵگرییەکان دەریانخستووە, ئێران 50 دەروازەی دامەزراوە مووشەکییە ژێرزەوییەکانی سەرلەنوێ دروست کردووەتەوە، سەرەڕای ئەو هێرشە بەرفراوانانەی کە لە کاتی جەنگدا کرانە سەر ژێرخانەکەی.

یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، بە گوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"، لە هەفتەکانی یەکەمی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە لە 28ـی شوباتی رابردوو دەستی پێکرد، هێزە ئەمریکییەکان پەنایان بردە بەر تێکشکاندنی سەکۆکانی مووشەک لە ئێران، وێنە ئاسمانییەکانی ئەو کاتە تێکشکانی شوێنە سەرەکییەکانی وەک بنکەی ئەسفەهانیان نیشان دەدا، کە پاشماوەی رووخان دەروازەی تونێلەکانی داپۆشیبوو، هەروەها زنجیرەی دابینکردنی مووشەکی ئێرانی لە کارگەکانەوە تا شوێنەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و پێکهاتەکان کرانە ئامانج.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش، وێنەکانی دواتر ئاماژە بەوە دەکەن، تاران بە خێرایی دەستی کردووە بە نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان، بە شێوەیەک کە ئەو چاڵانەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە دروست ببوون پڕکراونەتەوە و زۆرێک لە دەروازەی تونێلەکان سەرلەنوێ کراونەتەوە.

 وێنە نوێیەکان دەریدەخەن، ئێران 50 دەروازەی لە کۆی 69 دەروازە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە 18 دامەزراوەی مووشەکی ژێرزەویدا کرابوونە ئامانج، کردووەتەوە، هەروەها رێگا تێکچووەکانیش چاک کراونەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە یەکێک لە شوێنەکانی نزیک ئەسفەهان، کە تیایدا چوار دەروازەی تونێلەکان رووبەڕووی بۆردومانی چڕ ببوونەوە، وێنەکان بەکارهێنانی بارهەڵگر و شۆفڵ بۆ پڕکردنەوەی چاڵەکان نیشان دەدەن، لە کاتێکدا دەروازەکانی تر کراونەتەوە و رێگاکانی بەرەو ئەو شوێنانە چاک کراونەتەوە.

هەروەها وێنەکان لە بنکەیەک لە نزیک شاری خومەین لە ناوەندی ئێران، بوونی دەیان ئۆتۆمبێلی بیناسازی نیشان دەدەن کە کار بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی دامەزراوەکان دەکەن، جگە لە گەڕانەوەی کارکردن لەو شوێنانەی دیکە کە پێشتر وێرانکارییەکی زۆریان بەخۆوە بینیبوو.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێران تەنیا بە کردنەوەی دەروازەکان نەوەستاوە، بەڵکو کار دەکات بۆ چاککردنەوەی رێگاکان و دامەزراوە سەرزەوییەکانیش، بە شێوەیەک کە زۆربەی چاڵەکان پڕکراونەتەوە و هەندێک رێگاش بە تەواوی نۆژەن کراونەتەوە، هەروەها مەزندەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران هێشتا نزیکەی 1000 مووشەکی لە دامەزراوە ژێرزەوییەکاندا کۆگا کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە راپۆرتە شیکارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو کۆگا قووڵانە بەهۆی ئەو هێرشانەی کرانە سەر ئاستی زەوی تووشی زیانی گەورە نەبوون، شارەزایانیش پێیان وایە کە ئێران چەندین دەیەیە خۆی بۆ ئەم جۆرە جەنگانە ئامادە کردووە.

راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لە کارگەکانەوە تا پێکهاتەکانی دروستکردن، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای بەرهەمهێنان، بەڵام وێنە ئاسمانییەکان نیشانی دەدەن کە هەندێک لە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکان بە خێرایی سەرلەنوێ دروست کراونەتەوە.

هەروەها هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران پێشتر دەستی کردووە بە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی توانای سەربازی خۆی، لەوانە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گۆڕینی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، لەمبارەیەوە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، تاران "هەموو ئەو خشتە کاتییانەی تێپەڕاندووە" کە دەزگا هەواڵگرییەکان بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی تواناکانی دایاننابوو.

لە بەرانبەردا، شیکەرەوەکان پێیان وایە جیاوازی نێوان ئەو تەکنەلۆژیایەی بۆ تێکشکاندن بەکاردێت و ئەوەی بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوە بەکاردێت، سروشتی ئەم ململانێیە دەردەخات؛ چونکە هێرشە سەربازییەکان پێویستییان بە چەکی پێشکەوتوو و گرانبەها هەیە، لە کاتێکدا پرۆسەی نۆژەنکردنەوە بە بەکارهێنانی ئامێری سادەی وەک شۆفڵ و بارهەڵگر ئەنجام دەدرێت، ئەمەش هەوڵەکان بۆ راگرتنی بنیادنانە سەربازییەکەی ئێران لەسەر مەودای درێژ ئاڵۆزتر دەکات.