تەندروستی هەولێر: لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە 4 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاماری چالاکییە پزیشکییەکانی لە رۆژانی 26 تا 31ـی ئایاری 2026 بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رێگەی بەشەکانی فریاکەوتن و بنکە تەندروستییەکانەوە بە شێوەی 24 کاتژمێری خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە لە ماوەی پشووی جەژنی قوربانی پیرۆزدا.
یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاماری چالاکییە پزیشکییەکانی لە رۆژانی جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان 4 هەزار و 39 هاووڵاتی بۆ مەبەستی چارەسەر سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە.
هاوکات لە ئامارەکەدا ووردەکاری سەردانیکاران بۆ ناوەندە تەندروستییەکان بڵاوکراوەتەوە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
رووداوەکان: 235 حاڵەتی رووداو بە گشتی تۆمار کراون، کە تێیدا 137 رووداوی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل و 164 حاڵەتی کەوتنەخوارەوە هەبووە، هەروەها 9 حاڵەتی سووتان تۆمار کراوە.
گەستن و پێوەدان: 39 حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشک و 19 حاڵەتی گەستنی سەگ هەبووە.
نەخۆشییەکان: 227 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە و 212 حاڵەتی ژەهراویبوون بە خۆراک چارەسەر کراون.
نەشتەرگەری و خوێن: 196 نەشتەرگەری ئەنجام دراون 20 نەشتەرگەری گەورە و 176 بچووک، هەروەها 584 بوتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەکان دابین کراوە.
شوشتنی گورچیلە: 601 نەخۆش لە سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە و بەشی شوشتنی دەستکرد لە نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر پێشوازییان لێکراوە.
ئاماری لەدایکبوون: 239 منداڵ لەدایکبوون، کە 104ـیان بە شێوەی سروشتی و 135ـیان بە نەشتەرگەری بووە.
نەخۆشخانەی دڵ: لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دڵ (فەتحی سەدەر)، 6 نەشتەرگەری دڵ و 28 حاڵەتی شەبەکە و باڵۆن ئەنجام دراون، لەگەڵ 35 حاڵەتی فریاکەوتنی دڵ.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەم خزمەتگوزارییانە لە چوارچێوەی پلانی تەندروستی هەولێر بۆ رۆژانی جەژن بە شێوەیەکی بەردەوام پێشکەش بە هاووڵاتییان کراون.