بهم نزیكانه شاندی پارتی سهردانی لایهنه سیاسییهكان دهكات
بڕیارە بەم نزیکانە شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بە خولێکی نوێی سەردانەکان بۆ لای هێزە سیاسییەکان بکات. ئەم جووڵە نوێیە کە لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانییە، ئامانج لێی کۆکردنەوەی لایەنەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ و وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکان.
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە ژێر رۆشنایی و ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، شاندی دانوستانکاری پارتی دەست بە جموجووڵ دەکات بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنەکانەوە، ئەمەش وەک ئامادەسازییەکە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت."
گەیلانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی لایەنە سیاسییەکان دەکەن و گوتی: "من خۆم گەشبینم کە سەرجەم لایەنەکان بەدەم پەیامەکەی سەرۆک بارزانییەوە دێن، چونکە پەیامەکە لە روانگەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەی گرتووە و، سەرجەم لایەنەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان."
لە لایەکی دیکەوە، ئاماژەکان بەرەو نزیکبوونەوەی هەردوو هێزی سەرەکیی هەرێمی کوردستان دەچن. لەم بارەیەوە غازی عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رایگەیاند: کە ئەگەری زۆرە لە هەفتەی داهاتوودا پارتی و یەکێتی لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن دەست بە دانوستان بکەن.
هاوکات تیشکی خستە سەر رۆڵی نێوەندگیریی حزبەکەی و ئاشکرای کرد: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەردانەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ لای پارتی و یەکێتی دەستمان کەوتووە، هەردوو لا ئامادەیی تەواویان دەربڕیوە بۆ نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن و گەیشتن بە رێککەوتن."