ماکرۆن: پێویستە جەنگ لە ناوچەکەدا بۆ هەمیشە بوەستێت

سەرۆکی فەرەنسا، رایگەیاند کە هیچ پاساوێک بۆ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی باشووری لوبنان نییە و داوای کرد جەنگ بە یەکجاری بوەستێت. ماکرۆن جەختی لە پێویستیی گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا لە نێوان ئەمریکا و ئێران کردەوە، بەتایبەت بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێسک" نووسیویەتی: "هیچ شتێک ئەو پەرەسەندنە گەورەیە رەوا ناکات کە ئێستا لە باشووری لوبنان لە ئارادایە، پێویستە جەنگ بۆ هەمیشە بوەستێت."

سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و گرژییەکانی ناوچەکە، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کارێکی زۆر پێویستە و دەبێت بە خێرایی ئەنجام بدرێت. ماکرۆن گوتیشی: "فەرەنسا ئامادەیە هاوکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتیوانی لە رێگەی ئەو ئەرکە فرەنەتەوەییە سەربەخۆیەی کە لەگەڵ بەریتانیا پێکهێنراوە."

ماکرۆن جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی "تەواو و بەهێز" لەگەڵ ئێران، کە نەک تەنیا پرسی گەرووی هورمز، بەڵکو دۆسیەکانی وەک، بەرنامەی ئەتۆمی، بەرنامەی مووشەکی بالیستی و سەقامگیریی ناوچەیی بگرێتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی داوە، ئێستا لەپێشینەترین کار دەبێت راگەیاندنی ئاگربەست و کردنەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی گەرووی هورمز بێت، بۆ ئەوەی رێگری لە قەیرانی زیاتری وزە و کەشتیوانی بکرێت.