سوپای پاسداران: مۆڵەتی تێپەڕبوون بە 15 کەشتی دیکە درا

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی  حوزەیرانی 2026، لە گەرووی هورمز مۆڵەتی تێپەڕبوون بە 15 کەشتی دیکە دراوە کە لە نێویاندا چواریان کەشتی نەوتهەڵگر بوون.

هەروەها ئاماژەی داوە، تیپەڕبوونی ئەو 15 کەشتییە بەگوێرەی هەماهەنگی و مەرجە دیاریکراوەکانی سوپای پاسداران بووە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

سوپای پاسداران هۆشداری بە کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە کەنداو دەدات، کە خۆیان لە هاوکاریی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و نەیارانی ئێران بە دوور بگرن و خۆیان بپارێزن، ئەگەرنا دەکرێنە ئامانج و بە هەڕەشەی ئەمنی لەسەر ئاسایشیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەژمار دەکرێن.

هەرچەندە سوپای پاسداران هیچ ئاماژەیەکی بە خاوەندارێتی ئەو کەشتییە بازرگانیانە نەکردووە، کە لە گەرووی هورمز رێگەی تێپەڕبوونیان پێدراوە، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، کە تەنیا لە سێ حەفتەی رابردوودا، یاوەری نزیکەی 70 کەشتی بازرگانیان کردووە، کە لە گەرووی هورمز تێپەڕیوون، کە بەشێکی زۆری کەشتییەکان سیگنالی جووڵەکانیان کوژاندووەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسی و چاودێرییەکان بدزنەوە.

پێشتریش کۆمپانیای کیپلەر ئامارێکی بڵاوکردبووەوە، لە سەرەتای ئاداری رابردوو تا 19ی ئایاری 2026، 895 کەشتی بازرگانی بە گەرووی هورمز تێپەڕیوون، کە نزیکەی %40ـی کەشتییەکان توانیویان لە رێگەی نهێنی و دوور لە چاودێریی سەربازیی گەرووەکە ببڕن.