بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداری توند دەداتە ئیسرائیل
بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ناتانیاهۆ لە درێژەی کارە شەڕانگێزییەکانیدا لە ناوچەکە، هەڕەشەی بۆردومانکردنی زاحیە و بەیروتی کردووە و هۆشداری چۆڵکردنی بە دانیشتووانەکەی داوە.
دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم هەڕەشانە، هۆشداری دەدەینە دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و شارۆچکە سەربازییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان واتە ئەو ناوچانەی ئیسرائیل داگیریکردوون و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لەوێ نیشتەجێکردووە، ئەگەر ناتانەوێت زیانتان پێ بگات، پێویستە ناوچەکە چۆڵ بکەن.
ئەمە هۆشداریەی بارەگای خاتەمولئەنبیا دوای ئەوە دێت، یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانی وتارێکدا گوتی: قەڵای شەقیفیان لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵکردووە، ئەمەشی بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائل وەسف کرد.
ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، مانگی رابردوو سوپای ئیسرائیل توانیویەتی نزیکەی 700 ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی بکوژێت، هەروەها لە دەستپێکی شەڕەوە کە لە مانگی ئاداری رابردووەوە سەری هەڵداوە، 8 هەزار ئەندامی حزبوڵڵا کوژراون، دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان ئەنجامی گرنگیان بەدەستهێناوە.
ئەو گوتانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە بەرەی لوبنان و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان بەردەوامی هەیە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "لەپێناو بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی، و لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل و ئەو هێرشانەی کە گوندەکانی باشووری لوبنانیان کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا کوژران و برینداربوونی هاووڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە، چەکدارانی بەرەی مقاوەمە کۆبوونەوەی ئۆتۆمبێلی سوپا و سەربازانی ئیسرائیلیان لە شارۆچکەی بەیازە بە مووشەک کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، چەکدارانی حزبوڵڵا لە کاتژمێر 8:40 خولەکی بەیانی کۆبوونەوەی سەربازانی سوپای ئیسرائیلیان لە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرێک لە شارۆچکەی شلۆمی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج، هەروەها لە شارۆچکەی نەهاریە ژێرخانێکی سوپای ئیسرائیل بە مووشەک بۆردومان کردووە.