سی ئێن ئێن: دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران گەڕانەوە سەر رێڕەوی خۆیان

ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند؛ دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران گەڕانەوە سەر رێڕەوی دروستی خۆیان، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی میدیاکانی ئێران رایانگەیاندبوو، بەهۆی پەرەسەندنەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، دانوستانەکانیان وەک ناڕەزایەتییەک هەڵپەساردووە.

ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییە خێرایە لە نێوەندی ئاماژە دژبەیەکەکانی نێوان تاران و واشنتن و فشارە ئابووری و سیاسییە چڕەکاندا دێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تۆڕی ABC و پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" رایگەیاند؛ گفتوگۆکان بە خێرایی بەردەوامن. ترەمپ پێشبینی کردووە هەفتەی داهاتوو بتوانرێت بگەەنە رێککەوتنێکی فەرمی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز کە شا دەمارێکی گرنگی هاتوچۆی دەریاییە.

ترەمپ جەختیشی کردەوە، لە واژۆکردنی کۆتاییدا پەلە ناکات بۆ ئەوەی هەندێک خاڵی زیادە بەدەستبهێنێت و پێداچوونەوە بە مەرجەکانی رێککەوتنەکەدا بکات.

بەپێی دزەپێکردنە دیپلۆماسییە نوێیەکان، رەشنووسی رێککەوتنەکە ئاگربەستێکی دوولایەنە و کەمکردنەوەی بەشێکی گەمارۆکان لەخۆدەگرێت، بەڵام دانوستانەکان رووبەڕووی چەند دۆسیەیەکی ئاڵۆز بوونەتەوە، وەک دۆسیەی ئەتۆمی، تێیدا ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز بێت و رەوانەی دەرەوەی وڵاتی بکات، لە کاتێکدا تاران لەم قۆناخەدا گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی رەت دەکاتەوە.

هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران هەیە، لەکاتێکدا لایەنی ئێرانی داوای هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆکان و گەرەنتی دارایی دەکات، بەڵام واشنتن تا کاتێکی نادیار ئەوەی رەتکردووەتەوە.

لای خۆشییەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، هەر ئاگربەستێک لەگەڵ ئەمریکا دەبێت هەموو بەرەکان بگرێتەوە، لەوانەش لوبنان، و واشنتن و ئیسرائیلی بە بەرپرسیار دانا لە هەر پێشێلکارییەک.

هەڕەشەکانی ئێران بۆ هەڵپەساردنی دانوستانەکان دوای ئەوە هات ئاژانسی "تەسنیم"ی سەر بە سوپای پاسداران ئاماژەی بە بژاردەی داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز و پەکخستنی گەرووی بابولمەندەب کرد وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست لە لوبنان.

بەهۆی ئەم هەڕەشانەی ئێرانەوە دەستبەجێی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە رێژەی زیاتر لە 7٪، بەرز بوویەوە.