ئەندامێکی ئەنساروڵڵا: هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، وەڵامێکی زۆر توندی دەبێت
محەمەد فەرەح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند؛ هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی ئیسرائیل لە لوبنان بە وەڵامێکی گەورە و گشتگیر بەرپەرچ دەدرێتەوە.
فەرەح جەختی کردەوە، هەر پێشێلکارییەکی ئیسرائیل لە لوبنان وەڵامی دەبێت و سەربازە ئیسرائیلییەکان لە باشووری لوبنان تا کاتی کشانەوەیان، لەژێر هەڕەشەی کوشتنی رۆژانەدا دەمێننەوە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "دەبێت ئیسرائیل تێبگات هەر پێشێلکارییەک لە لوبنان وەڵامی دەبێت و سەربازەکانی لە باشوور لەژێر هەڕەشەی کوشتندان تا دەکشێنەوە، هەر پەرەسەندنێکیش وەڵامێکی گەورەی دەبێت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی ئەنساروڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد "ئەوەی ئارەزووی دوژمنی ئیسرائیلی زیاتر کرد، ئەو ماوەی 15 مانگە بوو، بەبێ وەڵام لوبنانی بۆردومان دەکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ قۆناخی دانوستانەکان لەگەڵ دەسەڵاتی لوبنان." گوتیشی ئیسرائیل نایەوێت لەو گۆڕانکارییە نوێیانەی سەر زەوی تێبگات کە لە2ـی ئازاری رابردووەوە هاتونەتە کایەوە.
دوێنێ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جەختی کردووەتەوە، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر شار و هاووڵاتییانی ئیسرائیل نەوەستێنرێن، هێزەکانیان ئامانجەکان لە ناو جەرگەی بەیرووتی پایتەخت دەپێکن.
ناتانیاهۆ نووسیویەتی: "بە ترەمپم راگەیاند، ئەگەر حزبوڵڵا کۆتایی بە هێرشەکانی نەهێنێت بۆ سەر شارەکانمان و هاووڵاتییانمان، ئیسرائیل ئامانجە تیرۆریستییەکان لە نێو بەیرووت دەپێکێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر ئەم پرسە جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، گوتیشی: "پێگەی ئێمە وەک خۆی دەمێنێتەوە."
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی لە بەرەکانی جەنگ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند؛ سوپای وڵاتەکەی بەگوێرەی ئەو پلانەی پێشتر بۆی داڕێژراوە، بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە نێو خاکی باشووری لوبنان.
لای خۆیەوە ئەمریکا رایگەیاند، توانیویەتی لە رێگەی زنجیرەیەک پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە لوبنان بچەسپێنێت; جەختی کردەوە، ئیسرائیل بڕیاری داوە هێزەکانی بۆ ناو بەیرووت نەنێرێت و حزبوڵڵاش رازی بووە هەموو جۆرە هێرش و تەقەکردنێک رابگرێت.