وردەکاریی پڕۆژەیاسایەکی نوێی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە

حکوومەتی تورکیا سەرقاڵی ئامادەکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی نوێیە کە لە 8 بۆ 9 ماددە پێکدێت، بە ئامانجی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لەژێر ناوی "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر"، چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیاسایە پێش 15ـی تەممووز و پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمان، پێشکەش بکرێت.

رۆژنامەی "تورکیا"ـی نزیک لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، پڕۆژەیاساکە بارودۆخی یاسایی ئەو کەسانە رێکدەخات کە چەک دادەنێن؛ بە جۆرێک جیاوازی دەکرێت لەنێوان ئەو چەکدارانەی دەستیان لە تاواندا هەبووە و ئەوانەی کە تەنیا ئەندامی رێکخراوەکە بوون.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە مۆڵەتی یەک ساڵ بدرێتە ئەندامانی پەکەکە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و لەم یاسایە سوودمەند بن، هەروەها حکوومەتی تورکیا داواکارییەکانی دەم پارتی بۆ لابردنی رێگرییەکانی بەردەم کاری سیاسی رەتکردووەتەوە. بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ قەدەخەی کاری سیاسییان دەخرێتە سەر و لەژێر چاودێریی توندی دادوەریدا دەبن.

ئامارەکان ئاماژە بەبوونی 8 بۆ 10 هەزار چەکدار و نزیکەی 200 کادری باڵا دەکەن، پێشبینی دەکرێت زۆرینەی کادرە باڵاکان نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا و بژاردەی چوون بۆ وڵاتی سێیەم هەڵبژێرن، لە قۆناخی یەکەمدا، تەنیا گەڕانەوەی ئەو کەسانە رێگەی پێدەدرێت کە دەستیان لە هیچ تاوانێکدا نەبووە.

رۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە، کە پێش جەژن شاندە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیمرالی و قەندیل گفتوگۆیان کردووە و پەکەکە نەخشەڕێگە و خشتەیەکی کاتی بۆ پرۆسەکە پێشکەش کردووە، لە ئێستاشدا حکوومەت و ئاکپارتی لە قۆناخی هەڵسەنگاندنی کۆتاییدان بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن.

رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆنگرەی 12ـەمینی بڵاو کردەوە، کە لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی هەمان مانگ بەستبوویان، لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەدا، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

جارێکی دیکە و لە رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، پەیامێکی دیکەی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بڵاو کرایەوە و دواجار وەک قۆناخێکی دیکەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان لە چوارچێوەی رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە، لە سنووری سوورداشی پارێزگای سلێمانی بە بەشداری 30 چەکدار دوای خوێندنەوەی پەیامی چەکدانانیان، 30 پارچە چەکیان سووتاند.