فەرماندەیەکی ئێران: گەڕانەوە بۆ جەنگ لەگەڵ ئەمریکا دەربازبوونی نییە
فەرماندەیەکی سەربازیی ئێران دەڵێت، گەڕانەوە بۆ جەنگ لەگەڵ ئەمریکا لێدەربازبوونی بۆ نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 02ـی حوزەیرانی 2026، محەممەد جەعفەر ئەسەدی، جێگری فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا و ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکانی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمریکا داوای خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتیمان لێ دەکات، نەتەوەی ئێران هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات."
بەپێی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، ئەسەدی روونیشی کردەوە، "بەبێ خۆبەدەستەوەدان لێدەربازبوون لە جەنگ نییە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین و جەنگ نامانترسێنێت."
لە ئێستادا ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان سەرقاڵی دانوستانن، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، گفتوگۆکانی چارەسەرکردنی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکوو ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرچاویان نەبووە.
لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی رابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران.
دواتر لە سەرەتای مانگی نیساندا، هەردوو لا ئاگربەستێکیان راگەیاند بۆ ئەوەی دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدرێت.
لەو کاتەوە پاکستان رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت و میوانداریی چەندین خولی دانوستانی نێوان تاران و واشنتنی کردووە لە ئیسلام ئاباد، بەڵام بەهۆی مەرجە قورسەکان و بێمتمانەیی نێوان هەردوولا، گفتوگۆکان چەقیبەستوون.
واشنتن داوای دەستبەرداربوونی تاران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و توانای سەربازییەکەی دەکات، لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی ئێران بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ملی بۆ ئەو مەرجانە نادەن و ئامادەییان هەیە بۆ هەر ئەگەرێک و دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا.