عەسائیب ئەهلی حەق پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی دەپچڕێنێت
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، گرووپی چەکداریی عەسائیب ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، بەنیازە چەک رادەستی دەوڵەت بکات و بچێتە ژێر فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
گرووپی چەکداریی عەسائیب ئەهلی حەق لە راگەیەندراوێکدا بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە داهاتووی هێزە چەکدارەکانی و شێوازی پەیوەندییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ داواکارییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و لەژێر رۆشنایی هەڵوێستی نیشتمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها جێبەجێکردنێکی لێدوانەکانی پێشووی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گرووپەکە، سەرکردایەتی عەسائیب بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان و پچڕاندنی پەیوەندیی پێکهاتە چەکدارییەکانی بە حەشدی شەعبییەوە و سنووردارکردنی چەک تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، گرووپەکە بڕیاری داوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی ناوەندی بە سەرۆکایەتی حاجی جەواد تڵێباوی و ئەندامێتی رافد ساڵح عەلی، عەبدوڵڵا شاکر کامل و عەلی هەمزە کازم.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم لێژنەیە راسپێردراوە بە راپەڕاندنی سەرجەم رێکار و پێداویستییە تایبەتەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
1. سەرژمێریکردن و ئامادەکردنی لیستی ناوی سەرجەم چەکدارەکان.
2. سەرژمێریکردنی چەک، کەرەستە و پێداویستییە لۆجستییەکان.
3. ڕێکخستنی پرۆسەی بەستنەوەی ئەم هێزانە بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە شێوازێک کە لەگەڵ یاسا و پێداویستییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتدا بگونجێت.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، گرووپی چەکداریی "ئەسحابولکەهف" لە راگەیەندراوێکدا، داواکارییە سیاسییەکانی بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان رەتکردەوە و ئەو قسانەشی کە دەگوترێت مەرجەعیەتی باڵای ئایینی پاڵپشتی ئەم بڕیارە دەکات، بە گوتەیەکی باتڵ وەسفی کرد.