ئاژانسی فارس: ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکا وەستاوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی فارسی ئێرانی راگەیاندووە، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی چەند رۆژێکە بە تەواوی وەستاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو، گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بە خێراییەکی زۆر بەڕێوە دەچن.
سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی فارسی راگەیاند: "ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە 'تێگەیشتنی سەرەتایی'، لانی کەم بۆ ماوەی چەند رۆژێکە راگیراوە."
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەوی رابردوو گوتی گفتوگۆکان بە خێرایی بەردەوامن؛ بە گوتەی سەرچاوەکە: "دوایین پەیامی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ واشنتن، پەیامێکی ئاشکرا بوو سەبارەت بە دۆخی لوبنان، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەنگدانەوەی فراوانی هەبوو."
ئەم پاشەکشە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە لوبنان و ناوچەکە گەیشتوونەتە لووتکە و تاران چاوەڕێی هەنگاوی جددیتر دەکات بۆ پاراستنی ئاگربەست، نەک تەنیا بانگەشەی میدیایی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە.
دووشەممە 1ی حوزەیرانی 2026، باڵیۆزخانەی لوبنان لە واشنتن، لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کردبوو، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەرپرسانی لوبنان دڵنیاییان وەرگرتووە کە حزبوڵڵا بە پێشنیازەکەی واشنتن رازی بووە.
بەپێی ناوەرۆکی پێشنیازەکە، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری بەیرووت رادەگرێت، لە بەرانبەریشدا حزبوڵڵا پابەند دەبێت بەوەی هیچ جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نەدات. ئامانجی کۆتایی ئەم پلانە ئەوەیە لە قۆناغی داهاتوودا ئاگربەستەکە فراوان بکرێت و تەواوی خاکی لوبنان بگرێتەوە.
دوێنێ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، توانیویەتی لە رێگەی زنجیرەیەک پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە لوبنان بچەسپێنێت; جەختی کردبووەوە، ئیسرائیل بڕیاری داوە هێزەکانی بۆ ناو بەیرووت نەنێرێت و حزبوڵڵاش رازی بووە هەموو جۆرە هێرش و تەقەکردنێک رابگرێت.