روبیۆ: له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان له‌ دانوستانداین

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، فشارە ئابووری و سەربازییەکانی ئیدارەی ترەمپ ئێرانیان ناچار کردووە پاشەکشەی مێژوویی بکات. روبیۆ ئاشکرای کرد کە تاران بۆ یەکەمجار رازی بووە دانوستان لەسەر وردەکاریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، هاوکات جەختی کردەوە کە هێزی دەریایی ئێران چیتر بوونی نییە و تێکشکێنراوە.

سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لەبەردەم کۆنگرێس، رایگەیاند، فشارە ئابووری و سەربازییەکانی ئیدارەی ترەمپ ئێرانیان ناچار کردووە پاشەکشەی مێژوویی بکات؛ ئاشکرای کرد ئەگەرێکی بەهێز بۆ ڕێککەوتن لە ئارادایە کە رەنگە "ئەمڕۆ، سبەی یان هەفتەی داهاتوو" رووبدات.

گوتیشی: "بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئێران رازی بووە دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، کە تەنیا ساڵێک یان مانگێک لەمەوبەر ئامادە نەبوون تەنانەت ناوی بهێنن، چ جای ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەن."

روبیۆ جەختی کردەوە، ئەمە تاقیکردنەوەیەکی جددییە بۆ ئەوەی بزانرێت تاران تا چەند ئامادەیە بڕوات، هەرچەندە کە هێشتا گەرەنتی نییە رێککەوتنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی پیران و گەلی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ باسی لە دۆخی سەربازیی ئێران کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ شتێک نییە بەناوی هێزی دەریایی ئێران؛ ئەوەی هەیە تەنیا کۆمەڵێک بەلەمی بچووکن کە چەکی رەشاشیان پێوەیە. هێزی دەریایی ئێران لە بنکی ئۆقیانووسدایە و لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە شوێنی راوەماسی."

سەبارەت بە گەرووی هورمز، روبیۆ گوتی: ئێران رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە و گەرووەکەی نەکردووەتەوە، هەر بۆیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە کە "ئەگەر تەنیا کەشتییە ئێرانییەکان بتوانن تێپەڕ بن، ئەوا هیچ کەشتییەک تێپەڕ نابێت." ئەمەش بووەتە هۆی گەمارۆیەکی کاریگەر و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە سزادراوەکانی ئێران.

روبیۆ ستایشی ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکای کرد و ئاماژەی دا، "ئۆپەراسیۆنی تووڕەی داستانئاسا زۆر سەرکەوتوو بوو لە پەکخستنی ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران. توانای دروستکردنی مووشەک و درۆنەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باسی لەوەش کرد، ئێران رۆژانە "سەدان ملیۆن دۆلار" زیانی بەردەکەوێت بەهۆی لەدەستدانی داهاتەکانی، ئەمەش وای کردووە قەڵغانی موشەکیی وڵاتەکە بە تەواوی دابڕمێت؛ هەرچەندە ئێران هێشتا درۆنی زۆرە چونکە دروستکردنیان ئاسانە، بەڵام ئەمە کێشەیەکی جیهانییە و تەنیا پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ڕێبەری باڵای ئێران هێشتا لە ژیاندایە، روبیۆ گوتی: "نیشانەکان دەڵێن هێشتا لە ژیاندایە، بەڵام هیچ دەرکەوتنێکی گشتی نییە و هەموو پەیوەندییەکانی لە ڕێگەی نووسین یان نێوەندگیرەکانەوەیە. لە ژێر فشارێکی زۆردان و دەرکەوتنی گشتی لە بەرژەوەندییاندا نییە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، هیچ سووککردنێکی سزاکان تەنیا بەرانبەر کردنەوەی گەرووی هورمز نابێت، بەڵکوو دەبێت ئێران هەنگاوی کردەیی لە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بهاوێژێت تاوەکو سزا ئابوورییەکانی لەسەر هەڵبگیرێت.