سێنتکۆم: زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێرانمان تێکشکاند

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند؛ لە 2ـی حوزەیران و لە وەڵامی زنجیرەیەک هەوڵی هێرشی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرکەوتووانە بەرپەرچی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان داوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرماندەییەکە، ئێران چەندین مووشەکی بالیستی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ کردووە، بەڵام هیچ کام لە مووشەکەکان نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان.

سێنتکۆم راشیگەیاند، ئێران دوو مووشەکی ئاراستەی کوەیت کردبوو، لە ئاسماندا تێکشکاند و هەروەها سێ مووشەک ئاراستەی بەحرەین کردووە، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی ئەمریکا و بەحرەینەوە رێگرییان لێکرا و تێکشێندران.

هێزەکانی سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، سێ درۆنیانی ئێرانییان خستە خوارەوە کە کەشتییە مەدەنییەکانیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کردبووە ئامانج. ئەمەش لە کاردانەوەیەکی خۆپارێزیدا، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا وێستگەیەکی کۆنترۆڵی زەمینی سوپای ئێرانیان لە دوورگەی قشم بۆردومان کرد و لەناویان برد.

لەو رووبەڕووبوونەوانەدا هیچ زیانێکی گیانی بە کارمەندانی ئەمریکی نەگەیشتووە. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا جەختی کردەوە، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی ئێران، تەنانەت لە کاتی ئاگربەستە بەردەوامەکانیشدا.