بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل دەستی لەکارکێشایەوە

سوپای ئیسرائیل دەستلەکارکێشانەوەی 'ئیسرائیل شومەر' سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی راگەیاند، دوای ئەوەی بە تۆمەتی "پێشێلکاری ئەخلاقی" لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا.

هەرچەندە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شومەر رۆژی سێشەممە، 2ـی ئایاری 2026،  داوای خانەنشینبوونی کردووە و 'ئیال زەمیر' بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بەرگری رەزامەندی لەسەر داواکەی دەربڕیوە، بەڵام میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل راستی رووداوەکەیان بە جۆرێکی تر نیشان دا.

رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت" بڵاویکردەوە، شومەر لەژێر فشاری لێکۆڵینەوەکاندا ناچار بووە دەست لەکاربکێشێتەوە و لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، شومەر دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان لە کارەکەی راگیرابوو، بەڵام بۆ ئەوەی رووبەڕووی دەرەنجامە فەرمییەکان نەبێتەوە، پێشوەختە داوای خانەنشینبوونی کردووە.

بەگوێرەی کەناڵی 14ـی ئیسرائیل، رەگی دۆسیەکە بۆ سکاڵایەک دەگەڕێتەوە کە چەند مانگێک لەمەوبەر پێشکەش بە راوێژکاری کاروباری جێندەری لە سوپادا کراوە، سکاڵاکە باس لە "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" دەکات لە پەیوەندییەکی نێوان شومەر و یەکێک لە ژێردەستەکانیدا، دواتر پۆلیسی سەربازی لێکۆڵینەوەی فەرمی لەسەر کردووە.

ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە کاتێکدایە کە شومەر خاوەن پێگەیەکی هەستیار بوو لە سوپادا و بڕیار بوو پلەکەی لە بەرزبکرێتەوە و وەک راوێژکاری سەربازیی وەزیری بەرگری دەستنیشان بکرێت، بەڵام ئەم دۆسیەیە کۆتایی بە ژیانی سەربازیی هێنا.