تاپۆکردنی زەوییەکانی فەرمانبەران دەستپێدەکات

بڕیارە لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە پڕۆسەی تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرابوون دەستپێبکات، هاوکات ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زیاتر لە هەزار پارچە زەوی نوێش دەکرێت.

مەموند عەبدولوەهاب، سەرۆکی شارەوانی شارەدێی بەحرکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوییە دابەشکراوەکان تەواو بووە، رۆژی شەممە ناوی یەکەم کۆمەڵەی فەرمانبەران کە 500 کەس دەبن رادەگەیەندرێت، تاوەکو سەردانی شارەوانی بکەن بۆ دەستپێکردنی مامەڵەکانیان."

سەبارەت بە قۆناغەکانی کارەکە، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا وردبینی بۆ ناوەکان دەکرێت، دوای تەواوبوونی وردبینی، کارتی زەوییەکان بەسەر خاوەنەکانیان دابەش دەکرێت و لە کۆتا قۆناخیشدا زەوییەکان تاپۆ دەکرێن. پێشبینی دەکرێت تەواوی ئەم پڕۆسەیە نزیکەی سێ مانگ بخایەنێت.

لە سنووری شارەوانی بەحرکە 3380 پارچە زەوی دابەشکراون، کە بڕیارە قۆناخ بە قۆناخ ناوی هەموو ئەو فەرمانبەرانە بڵاوبکرێتەوە کە زەوییان وەرگرتووە بۆ ئەوەی مامەڵەی تاپۆکردنیان بۆ تەواو بکرێت.

مەموند عەبدولوەهاب ئاشکراشی کرد، 1100 پارچە زەوی دیکە ئامادەکراون و لە ماوەی ئەم مانگەدا ئامادەکارییەکان و تیروپشکیان بۆ دەکرێت تاوەکو بەسەر فەرمانبەرانی دیکەدا دابەش بکرێن.

بەمەش فەرمانبەران جگە لەوەی دەبنە خاوەنی فەرمی و تاپۆی زەوییەکانیان، لە هەمان کاتدا دەرفەتی وەرگرتنی زەوی بۆ ژمارەیەکی دیکەی زۆری فەرمانبەران دەڕەخسێت.