یۆنان بەکارهێنانی سکۆتەری کارەبایی بۆ منداڵان و مێرمنداڵان قەدەخە دەکات
حکوومەتی یۆنان بڕیاری دا یاساکانی بەکارهێنانی سکۆتەری کارەبایی توندتر بکاتەوە و بەکارهێنانیان بۆ کەسانی خوار تەمەن 17 ساڵ بەتەواوی قەدەخە بکات، ئەمەش دوای زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لەنێو گەنجاندا.
جێگری وەزیری گواستنەوەی یۆنان ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسایەکی نوێیان ئامادە کردووە کە ئامانجی سەرەکی لێی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی گیانی گەنجان و مێرمنداڵانە. بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پڕۆژەیاساکە بخرێتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسایەکی کارپێکراو.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی یۆنان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 400 منداڵ و مێرمنداڵ لە رووداوەکانی پەیوەست بە سکۆتەری کارەباییەوە بوونەتە قوربانی، کە بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە و بەشێکی دیکەشیان بە سەختی بریندار بوون. ئەم ژمارە بەرزەی قوربانییان، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی بەرپرسانی تەندروستی و گواستنەوە داوای دەستبەجێ گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بکەن.
یاسا نوێیەکە تەنیا تەمەن دیاری ناکات، بەڵکوو چەندین ڕێکاری توندی دیکە لەخۆدەگرێت، لەوانە:هەر کەسێک بە شێوەیەکی مەترسیدار سکۆتەر لێ بخوڕێت، ڕووبەڕووی سزایەکی دارایی قورس دەبێتەوە بەکارهێنەرانی سکۆتەر ناچار دەکرێن کە بیمەیان هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێکی ئەگەری.
بەرپرسانی یۆنان جەخت دەکەنەوە کە زیادبوونی رێژەی قوربانییان لەنێو مێرمنداڵاندا جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە و پێویستە لەرێگەی ئەم یاسا نوێیەوە کۆتایی بەو سەرپێچی و مەترسییانە بهێنرێت کە رۆژانە لە شەقامەکاندا دەبینرێن.