سوپای پاسداران: ناوەندیی ئەمازۆنمان لە بەحرەین وێران کرد
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکەی دوێنێی سوپای ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکانی ناوچەی دارخوێن، هێزە ئاسمانییەکانیان لە چوارچێوەی 24مین هێرش لە ئۆپراسیۆنی نەسری2دا، ناوەندی سەرەکیی داتاکانی کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکییان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەی داوە، هێرشەکە لە رێگەی چەندین مووشەکی کرووزەوە ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی ئەو ناوەندە.
سوپا جەختی کردووەتەوە، ئەم ئۆپراسیۆنە وەک تەمێکردنێک بووە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و راشیانگەیاندووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا وردەکاریی زیاتری ئەم هێرشە بۆ رای گشتی بڵاو دەکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند, زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت، هاوکات دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتی نەوتیشی لە گەرووی هورمز راگەیاند.
سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، چەندین ئامانجی ستراتیژییان لە ناوچەکە پێکاوە، لەنێویاندا لە بەحرەین، دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و وێستگەیەکی چاودێریی ئەمریکی کراونەتە ئامانج. هەروەها لە کوەیت، سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکی، رادار و سیستەمی پەیوەندییەکان تێکشکاندووە.
سوپای پاسداران هۆشداریشی داوە؛ "دوای تێکشکاندنی رادارەکان، دەبێت دوژمن چاوەڕێی شەپۆلی توندتر و یەکلاکەرەوەی هێرشی درۆنی و مووشەکی بێت."
میدیای فەرمی ئێران ئاشکرای کردووە، سێ بنکەی سەرەکی ئەمریکا لە کوەیت (عەریفجان، ئەدەیرع، و بنکەی ئاسمانی ئەحمەد جابر) بە درۆنی بۆمبڕێژراو کراونەتە ئامانج. هێرشەکان باڵەخانە کارگێڕییەکان، شوێنی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەرەکان و تەنانەت شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکیشیان گرتووەتەوە.