عێراقچی: بۆ هەر هێرشێک وەڵامی توندمان دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانە دژی وڵاتەکەی، بە وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە.

چوارشەممە 3ـی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی وەڵامێکی توند و خێرایان دەبێت و هێرشی بەرگری ئەنجام دەدەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەش مافێکی رەوایە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان". 

عێراقچی روونی کردەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن، ئەو شوێنانە دەکەنە ئامانج کە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتیوانی مەدەنی بەکاردەهێنرێن، هەروەها ئەمە وەک وەڵامێکە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست، گوتیشی: "ئەو ئامانجانەی بە سزای ئابووری و جەنگ بەدەست نەهاتوون، بە جەنگێکی دیکەش بەدەست نایەن".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە قسەکانی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد لە کۆنگرێس، کە تیایدا باسی لەوە کردبوو وڵاتانی کەنداو هاوکارییەکی زۆری واشنتنیان کردووە لە دۆسیەی ئێراندا. 

عێراقچی لە زاری رۆبیۆوە گواستییەوە کە ئیمارات بە شێوەیەکی چالاک و کوەیت بە رۆڵێکی باش هاوکاری ئەمریکایان کردووە.

ئەم قسانەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەستێکی لەرزۆک، بەڵام گرژییەکانی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بە تایبەت لە بارەی گەرووی هورمز و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ئارادایە.