ئێران وەڵامی رەشنووسەکەی ئەمریکای نەداوەتەوە
ئەندامی تیمی راگەیاندنی شاندی دانوستانکاری ئێران رایگەیاند، کە وڵاتەکەی پێی ناوەتە سەردەمێکی نوێ لە "جەنگ و دانوستان لە یەک کاتدا". ئاشکرای کرد، دەقی پێشنیازەکان لە "داوای خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی ئەمریکا"وە گۆڕاوە بۆ "باسکردن لە دەستکەوتی ئابووری بۆ ئێران" و جەختی کردەوە کە تاران تاوەکو 12 ملیار دۆلاری بۆ ئازاد نەکرێت، ناچێتە هیچ قۆناغێکی تری رێککەوتنەکەوە.
چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، سەعید ئاجەرلوو، ئەندامی تیمی راگەیاندنی شاندی دانوستانکاری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، مۆدێلی دانوستانەکانی ئێستا جیاوازە لە سەردەمی بەرجام؛ ئێستا هێزی مەیدانی و مووشەکی پشتیوانی دانوستانن نەک رێگر. گوتیشی: "ئێمە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دانوستان ناکەین، بەڵکو تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کەمکردنەوەی هەڕەشەکانە. ئەمریکا و ئیسرائیل نەیانتوانی لە رێگەی سەربازییەوە ئامانجەکانیان بپێکن، بۆیە ئێستا ناچارن لە دیپلۆماسیدا پاشەکشە بکەن."
باسی لەوەش کرد، ئێران تاوەکو ئێستا وەڵامی فەرمیی خۆی بۆ نوێترین رەشنووسی پێشنیازکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەناردووە بۆ واشنتن.
بەپێی گوتەی ئاجەرلوو، ئێران پلانێکی چوار قۆناغیی بۆ هەر تێگەیشتنێک داڕشتووە:
1. قۆناغی یەکەم: راگرتنی تەواوەتی جەنگ و کردەوە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان (بە لوبنانیشەوە) بۆ هەموو لایەنەکان.
2. قۆناغی دووەم (کردەیی): دیاریکردنی میکانیزمی گەرووی هورمز، هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان، لادانی سزاکانی نەوت و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان.
3. قۆناغی سێیەم: دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و سزاکانی دیکە، بە مەرجێک کاریگەریی قۆناغی دووەم لەسەر ئابووری ئێران دەرکەوتبێت.
4. قۆناغی چوارەم: پێکهێنانی لیژنەی چاودێری نێودەوڵەتی و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایش (کۆتاییهێنان بە میکانیزمی سناپبەک و بەندەکانی بەشی حەوتەم).
ئەو ئەندامەی تیمی ڕاگەیاندنی شاندەکە ئاشکرای کرد کە ئەمریکا سەرەتا داوای گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ ناو خاکی خۆی یان وڵاتی سێیەم دەکرد، بەڵام ئێران هەمووی رەتکردەوە. لە دەقە نوێیەکاندا باسی گواستنەوە یان لەناوبردنی ماددە ئەتۆمییەکان نەماوە. سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، تاران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت "بەڕێوەبردنی ئێرانی" لەو رێڕەوەدا بە فەرمی بناسرێت، هەرچەندە نایانەوێت گەرووەکە بە هەمیشەیی دابخەن تا رێگەی جێگرەوە دروست نەبێت.
ئاجەرلوو گوتی: "بەبێ دەستڕاگەیشتنی راستەقینە بە 12 ملیار دۆلار (6 ملیارەکەی پێشووی قەتەر + 6 ملیاری نوێ)، ناچینە قۆناغەکانی تری رێککەوتنەکە." هەروەها جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک لوبنان و میحوەرەکەی تێدا نەبێت، تاران واژۆی ناکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەرنامەیەک بۆ "ئاوەدانکردنەوە" و قەرەبووی زیانەکانی جەنگ لە ئارادایە، بەڵام هێشتا لەسەر ژمارەی وردی قەرەبووەکان رێکنەکەوتوون. ئاجەرلوو هۆشداری دا: "ئەگەر دوژمن رێگەی جەنگ هەڵببژێرێتەوە، وەڵامی ئێمە توندتر دەبێت، چونکە لەم چەند مانگەدا توانای بەرگریمان بەهێزتر کردووە."