عێراقچی: دۆخی سەربازیمان لە پێش جەنگ باشترە
وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر بەیرووت. عێراقچی هاوکات ئاشکرای کرد کە سەرەڕای بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام پڕۆسەی دانوستانەکان تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە.
چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا جەختی کردەوە، تاران بە راشکاوی پەیامی خۆی گەیاندووەتە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کە هەر هێرشێک بۆ سەر بەیرووت بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" دەبینن و لە بەرامبەریدا بێدەنگ نابن.
عێراقچی گوتی: "هەر هێرشێک بۆ سەر بەیرووت لێکەوتەی قورسی دەبێت و دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی تەواوەتی جەنگ. هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن لە ناو جەرگەی ئیسرائیل ئامانجەکان بپێکن ئەگەر زاحیەی بەیرووت بکرێتە ئامانج."
سەبارەت بە پڕۆسەی دیپلۆماسی، عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان نەبڕاوە و پەیامیان لەبارەی پێویستیی راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بەیرووت ئاڵوگۆڕ کردووە، بەڵام "سەرەڕای ئەمانە، هیچ پێشکەوتنێکی دیار و بەرچاو لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا بەدەست نەهاتووە."
وەزیری دەرەوەی ئێران گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆی بە سێ مەرجی سەرەکی بەستەوە:
١. دابینکردنی مافەکانی گەلی ئێران.
٢. کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لوبنان.
٣. راگرتنی هەموو گرژییەکانی ناوچەکە.
عێراقچی باسی لەوەش کرد، "ئەمریکییەکان لە چل رۆژی رابردوودا بە باشی درکیان بە هێز و توانای ئێران لەم جەنگەدا کردووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران لوبنانی بە وڵاتێکی "برا و دۆست" ناوبرد و رایگەیاند کە وڵاتەکەی هەرگیز دەستوەردان لە سیاسەتی ناوخۆی لوبنان ناکات؛ گوتی: "حزبوڵڵا بەشێکی گرنگی پێکهاتەی سیاسیی لوبنانە. ئێمە لەگەڵ حکوومەتی لوبنان لە پەیوەندیداین و پاڵپشتییەکانی ئێمە بۆ حزبوڵڵا و مامەڵەمان لەگەڵ لوبنان دوو بابەتی جیاوازن."
سەبارەت بە دۆخی باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت، عێراقچی روونیکردەوە کە باڵیۆزەکەیان لەسەر کارەکەی بەردەوامە و ئەو "خراپ تێگەیشتنەی" لە وەزارەتی دەرەوەی لوبنان دروست ببوو، بەم زووانە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا چارەسەر دەکرێت.
ئەم لێدوانە توندانەی تاران لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئاگربەست بەردەوامن، بەڵام ئێران دەیەوێت پەیامی ئەوە بنێرێت کە سازش لەسەر "بەرەی لوبنان" ناکات و پڕۆسەی دانوستانەکانیش هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان.
عەباس عێراقچی، ڕایگەیاند: "ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ژیرانە حکومڕانی بکات، هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ جەنگ دژی ئێران." جەختی کردەوە، تاران خاوەنی هەموو توانایەکی سەربازیی پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و "دۆخی سەربازیی ئێمە ئێستا لە پێش دەسپێکی جەنگ زۆر باشترە و ئامادەین بۆ جەنگێکی زۆر درێژخایەن."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی هەرگیز خوازیاری جەنگ نەبووە و ئەوان دەسپێشخەری ئەم جەنگەیان نەکردووە، بەڵام "هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان، بەوپەڕی هێزەوە وەڵام دەدرێتەوە."
عێراقچی پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند کە بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگ لە دەستی ئەواندا نییە، گوتیشی: "کۆتاییهێنان بە جەنگ لە دەسەڵاتی دوژمندا نییە و هەرگیز واش نابێت."
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامن، بەڵام تاران دەیەوێت پەیامی هێز و ئامادەیی خۆی بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازیی نوێ بنێرێت.