سەباح نوعمان: لە نزیکترین کاتدا گرووپەکان بارەگا و چەکەکانیان رادەست دەکەن
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکهێنراوە، بە فەرمی دەستبەکار بووە و لە ماوەیەکی کورتدا سەرجەم چەک و سەربازگەکان رادەستی لایەنە ئەمنییە فەرمییەکان دەکرێن.
چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە کەناڵی هەواڵی عێراقییەی رایگەیاند: "پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ کۆکردنەوەی چەک، لە پێناو جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەیە کە لە بەرنامەی وەزاری و سیاسەتی حکوومەتدا هاتوون، کە خۆی لە تێڕوانینی سەرۆکوەزیراندا دەبینێتەوە بۆ قۆرخکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە و یەکخستنی گوتاری ئەمنی."
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەکە پێکهێنراوە و دەستی بە کارەکانی کردووە، ئامانجیشی داڕشتنی میکانیزمێکە بۆ تێکەڵکردن و پەیوەستکردنی هێزە پەیوەندیدارەکان، هەروەها رادەستکردنی چەک، کەرەستەی سەربازی و سەربازگەکان بە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەباح نوعمان روونی کردەوە، "سەرجەم چەک و کەرەستەکان رادەستی لیژنەی ناوەندی و لایەنە ئەمنییەکان دەکرێن، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتووشدا لیستێکی سەرژمێریی تەواوەتی رادەستی لیژنەکە دەکرێت، کە راستەوخۆ لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە."
گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی ئەوەشی خستە روو، کە لیژنە ناوەندییەکە لە چەندین لایەن پێکهاتووە، لەوانە: وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دەستەی حەشدی شەعبی
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، کە پرۆسەکە کاتێکی زۆر ناخایەنێت و لە نزیکترین ماوەدا کۆتایی دێت، چونکە کارەکان بە پێی میکانیزمی کارگێڕی، یاسایی، لۆجستی و هونەری بەڕێوە دەچن.
سەبارەت بە چەمکی "هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی" بە حەشدەوە، سەباح نوعمان دەڵێت: کە ئەمە چوارچێوەیەکی کارگێڕییە و ئامانج لێی دووبارە رێکخستنەوەی هەیکەلییەتی ئەو هێزانەیە لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا، لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافی چەکداران و تێکەڵکردنیان بە یەکە سەربازییەکان.
جەختیشی کردەوە، کە ئەمڕۆ عێراق لە دۆخێکی ئەمنیی سەقامگیردایە و سەرجەم هەڕەشە تیرۆریستییەکان لەناو براون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو شاندی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق و کەتائیب ئیمام عەلی، بڕیاری دا؛ لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ دانانی میکانیزمی گونجاو بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی ئەو هێزانە بە حەشدی شەعبییەوە و کۆکردنەوەی چەک لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک گرووپی چەکداری سەر بە 'بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق'، بڕیاریان داوە لە دەستەی حەشدی شەعبی جیا ببنەوە و چەکەکانیان رادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکەن.