ئیبراهیم رەزایی بۆ کوردستان24: هیچ هیوایەکمان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نییە
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، وردەکاریی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، هەڵوێستی تاران بەرانبەر وڵاتانی کەنداو و پرسی ئەتۆمی دەخاتەروو و هۆشدارییەکی توندیش دەداتە واشنتن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی حوزەیرانی 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ماڵپەڕی کوردستان24ـدا رایگەیاند، ئێستا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتندا نییە، بەڵکوو پەیامەکان لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن، کە تێیدا پاکستان رۆڵێکی کارا و سەرەکی دەگێڕێت، شانبەشانی چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە.
ئامادەی جەنگێکی دیکەین لەگەڵ ئەمریکا
سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، رەزایی بێهیوایی و بێمتمانەیی وڵاتەکەی بەرانبەر بە واشنتن نیشان دا و گوتی: "پێشینە و ئەزموونمان دەریدەخات، ئەمریکییەکان جێگەی متمانە نین؛ ئەوان لە دوو دانوستانی پێشوودا، رێک لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکاندا هێرشیان کردە سەرمان، بۆیە ئێمەش ئێستا خۆمان بۆ جەنگێکی دیکە لەگەڵ ئەمریکییەکان ئامادە دەکەین و زۆرترین سەرنجمان لەسەر ئامادەیی بەرگرییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر شەڕەنگێزییەکی دوژمن."
گوتەبێژەکەی پەرلەمانی ئێران پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و ئاماژەی بەوە دا، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە و ئەوان دەبێت بڕیار بدەن. ئەو گوتی: "چوارچێوە و هێڵە سوورەکانمان زۆر روونن؛ ئەمریکا دەبێت بڕیار بدات کە ئایا دەیەوێت لەگەڵ دیپلۆماتەکانمان بگاتە رێککەوتن، یان لەگەڵ مووشەکەکانمان." راشیگەیاند، هەڵوێستی ئەمریکییەکان لەم رۆژانەدا دژبەیەکە و بۆ تاران روون نییە.
لە فڕۆکەخانەی کوەیتەوە هێرش دەکرێتە سەر وڵاتەکەمان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، ئیبراهیم رەزایی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانێکی وەک عومان و قەتەر لە بەرزترین و باشترین ئاستدایە، بەڵام رەخنەی توندی لە بەشێک لە وڵاتانی دیکەی کەنداو گرت.
رەزایی روونیکردەوە: "لەگەڵ هەندێک وڵاتی کەنداو کە لەژێر چنگی ئەمریکادان رووبەڕووی ئاستەنگی بووینەتەوە. ئێمە کێشەمان لەگەڵیان نەبوو، بەڵام لەو شەڕەی دواییدا کە بەسەرماندا سەپێنرا، خاک و تواناکانیان خستە خزمەتی دوژمنەکانمانەوە. بۆ نموونە کاتێک لە فڕۆکەخانەی کوەیتەوە هێرش دەکرێتە سەر وڵاتەکەمان، ئەمە شتێک نییە چاوی لێ بپۆشرێت و ئێمەش ناچار بووین وەڵامی هاوشێوە بدەینەوە."
داواشی لە وڵاتانی کەنداو کرد سەربەخۆیانە بڕیار بدەن و نەبنە "ژێردەستەی ئەمریکا و زایۆنیستەکان"، بەڵکوو بەپێی ویستی گەلە موسڵمانەکانیان بجووڵێنەوە.
هۆکاری هێرشەکان بۆ سەر ئێران
سەبارەت بە هۆکاری گرژییەکان و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرپرسەکەی پەرلەمانی ئێران هۆکارەکەی بۆ پشتگیرییەکانی تاران لە پرسی فەلەستین گەڕاندەوە.
ئەو گوتی: "تاکە تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیریکردنی منداڵانی ستەملێکراوی غەززە بوو، بەڵام بەداخەوە هەندێک وڵاتی ناوچەکە لەبری پشتیوانی، لە پاڵ تاوانبارانی زایۆنیستدا وەستان. هۆکاری سەرەکیی هێرشەکانی رژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەمان تەنیا هەڵوێستەکانمانە لەسەر فەلەستین."
هیچ ئیمتیازێک لە پرسی ئەتۆمیدا نادەین
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، ئیبراهیم رەزایی جەختی لەسەر بەردەوامیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردەوە و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە ئەتۆمییەکانیان نابن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: "پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێمە گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی هەیە و باجێکی قورسیشمان لەپێناویدا داوە. دوژمن هەموو توانایەکی خۆی، تەنانەت توانای سەربازیشی بەکارهێنا بۆ لەناوبردنی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. بۆیە ئێمە هیچ پێویستییەک نابینین کە لەم دۆخەدا هیچ ئیمتیازێک لە بواری ئەتۆمیدا بە دوژمنەکانمان بدەین." هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەرنامەکەیان سەداسەد ئاشتیانەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش لە رێگەی هەزاران پشکنینەوە ئەمەی سەلماندووە.
-------------------------------------------------------------
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی ئیبراهیم رەزایی بۆ ماڵپەری کوردستان24:
کوردستان24: ئێستادا هیچ پەیوەندی یان گفتوگۆیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن؟ ئایا ئێران ئامادەیە بگاتە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا؟
ئیبراهیم رەزایی: لە ئێستادا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتندا نییە و لە رێگەی هەندێک نێوەندگیر و نێوەندکارەوە پەیامەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن. پاکستان رۆڵێکی کارا لەم بوارەدا دەگێڕێت و نێوەندکاری نێوان ئێران و ئەمریکایە، هەروەها بەشێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش نێوەندکاری دەکەن.
سەبارەت بە رێککەوتن، هیچ شتێک روون نییە. پێشینە و ئەزموونمان دەریدەخات کە ئەمریکییەکان جێگەی متمانە نین. ئەوان لە دوو دانوستانی پێشوودا، هاوکات لەگەڵ دانوستانەکان هێرشیان کردە سەرمان، ئێمەش بۆ شەڕێکی دیکە لەگەڵ ئەمریکییەکان خۆمان ئامادە دەکەین. لە ئێستادا، زۆرترین سەرنجمان لە تاران لەسەر ئامادەیی بەرگریمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە شەڕەنگێزییەکی دوژمن.
سەبارەت بەوەی تا چەند ئەگەری هەیە بگەینە رێککەوتن، دەبێت بڵێم ئەوە ئەمریکییەکانن دەبێت بڕیار بدەن. چوارچێوە و هێڵە سوورەکانمان روونن. ئەمریکا دەبێت بڕیار بدات ئایا لەگەڵ دیپلۆماتەکانمان دەگاتە رێککەوتن، یان لەگەڵ مووشەکەکانمان. بێگومان لەم رۆژانەدا هەڵوێستی دژبەیەکی ئەمریکییەکانمان بینیوە و هەڵوێستیشیان بۆ ئێمە زۆر روون نییە.
کوردستان24: پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بۆچی لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گرژی کەوتە نێوان ئێوە و هەندێک لەو وڵاتانە؟
ئیبراهیم رەزایی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی فارس بە گشتی باشە. لەگەڵ وڵاتانێکی وەک عومان و قەتەر پەیوەندییەکی زۆر باشمان لە بەرزترین ئاستدا هەیە. بەرپرسەکانمان، بۆ نموونە سەرۆکی پەرلەمانمان هەر لەم دواییانەدا سەردانی قەتەری کرد، وەزیری دەرەوەش بە هەمان شێوە. وەزیری دەرەوەمان دوای شەڕەکە سەردانی عومانیشی کرد و پەیوەندییەکی باشمان پێکەوە هەیە.
لەگەڵ هەندێکی دیکەیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ژێر چنگی ئەمریکادان، رووبەڕووی ئاستەنگین. لەگەڵ ئەمانە پەیوەندییەکی باشمان هەبوو و هیچ شەڕێکیشمان نەبوو، بەڵام لەناکاو لەو شەڕەی بەسەرماندا سەپێنرا، تواناکانیان و خاکەکەیان خستە خزمەتی دوژمنەکانمانەوە، واتە لە دۆخی شەڕدا. ئەمەش شتێک نەبوو چاوی لێ بپۆشرێت، ئێمەش ناچار بووین کاتێک بۆ نموونە لە فڕۆکەخانەی کوێتەوە هێرش دەکرێتە سەر وڵاتەکەمان، وەڵامی هاوشێوە بدەینەوە.
لە هەمان کاتدا لەگەڵ گەلانی ناوچەکە، بەتایبەت گەلانی وڵاتانی کەنداو، باشترین، برایانەترین و نزیکترین پەیوەندیمان هەیە و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ گەلەکانیان نییە. چاوەڕوانیش دەکەین حکوومەتی وڵاتانی کەنداو سەربەخۆیانە بجووڵێنەوە، ژێردەستەی ئەمریکا نەبن و نەهێڵن ئەمریکییەکان و لە راستیدا زایۆنیستەکان، ئەرکیان بۆ دیاری بکەن.
با بە ویستی گەلی موسڵمانیان بجووڵێنەوە، نەک لەسەر بنەمای ئارەزوو و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. ئەوان لەم وڵاتانەدا لە شەڕی دواییدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان جووڵانەوە و بنکەکانیان خستە خزمەتیانەوە. لە کۆتاییدا هۆکاری هێرشی رژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەمان، پشتگیریی ئێمە بوو لە پرسی فەلەستین. ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.
لە کاتێکدا کە تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیریکردنی منداڵانی ستەملێکراوی غەززە بوو، ئەمانەش بەداخەوە لە پاڵ تاوانبارانی زایۆنیستدا وەستان. ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە رێبازی خۆیان راست بکەنەوە و سەربەخۆیانە بڕیار بدەن.
کوردستان24: لە سایەی ئەم گوشارە سەربازییانەی ئێستا و هێرشکردنە سەر وڵاتەکەتان، ئایا کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت؟
ئیبراهیم رەزایی: بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە ئەتۆمییەکانمان نابین، ئەمە لە وەڵامی پرسیارەکەی دواترتاندا دەڵێم. بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابین، بەتایبەتی پیشەسازیی ئەتۆمی، کە هەم گرنگییەکی ستراتیژیی بۆ ئێمە هەیە و هەم لەپێناو هەبوونی ئەم پیشەسازییە ناوخۆییەدا باجێکی قورس و گەورەمان داوە.
بۆیە ئەمڕۆ کە دوژمن هەموو توانای خۆی، لەوانەش توانای سەربازیی بۆ لەناوبردنی پیشەسازییە ئەتۆمییەکەمان بەکار هێناوە و سەرکەوتووش نەبووە، هیچ پێویستییەک نابینین کە ئیتر لە بواری ئەتۆمیدا هیچ سازشێک بە دوژمنەکانمان بدەین. بێگومان پیشەسازییە ئەتۆمییەکەمان ئاشتیانەیە و بەپێی پشکنینەکانی ئاژانسیش کە لە ساڵانی دواییدا هەزاران جار کراوە، ئاشتیانەبوونی سەلمێنراوە. ئێمەش پێویست ناکات لەم دۆخەدا بخوازین هیچ ئیمتیازێک بە دوژمنەکانمان بدەین. لە خزمەتتاندام.