مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و گەلی عێراق دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز، پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و گەلی عێراق و موسڵمانان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، "بەبۆنەی کۆچی دوایی شێخ محەممەد ئیسحاق فەیازەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاراستەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و سەرجەم عێراقییەکان و موسڵمانان دەکەین".

مەسرور بارزانی لە خوای گەورە داواکارە کۆچکردوو بە میهرەبانیی خۆی شاد بکات و جێگەی بەهەشت بێت، هەروەها ئارامی و دڵنەوایی بە کەسوکار و دۆست و لایەنگرانی ببەخشێت.

شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز یەکێک بوو لە مەرجەعە گەورە و دیارەکانی ئایینی لە شاری نەجەف و لە ساڵی 1930 لە وڵاتی ئەفغانستان لەدایک بووە. رۆژی پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی ساڵی 2026 لە تەمەنی 96 ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد.

 ئەم کەسایەتییە ئایینییە لە تەمەنی گەنجیدا رووی لە شاری نەجەف کردووە و لەوێ درێژەی بە خوێندن داوە، تاوەکوو بووەتە یەکێک لە چوار مەرجەعە باڵاکەی شاری نەجەف و خاوەنی پێگەیەکی گەورە بووە لە نێو پەیڕەوانیدا لە سەرتاسەری جیهاندا.