محەممەدی حاجی مەحموود: کورد هێزێکی گەورەی ناوچەکەیە
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هۆشداری لە سیاسەتە نوێیەکانی حکوومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەدات و هاوکات رایدەگەیەنێت، یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان تاکە رێگەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکوومەتی عێراق جارێکی دیکە هەمان رێچکەی رژێمەکانی بەعس و پێشووتری گرتووەتەبەر بۆ پەلاماردان و شەڕپێفرۆشتن بە خەڵکی کوردستان.
محەممەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 100 ساڵە خوێنی گەلی کورد دەڕژێت و تا ئەو کاتەی سەربەخۆ دەبێت و خاکەکەی لە دەستی داگیرکەران رزگار دەکرێت، پێویستە بەردەوام بێت لە خەبات و قوربانیدان. روونیشی کردەوە، پێشتر کورد لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بوو، بەڵام ئێستا هەموو جیهان دەیناسێت و ژمارەی لە 50 ملیۆن کەس زیاترە و لە عێراقیشدا خاوەنی هەرێمێکی دەستووری، یاسایی و دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە.
ئەوەشی خستەروو، بڕیارەکانی چەند رۆژی رابردووی بەغدا بوونە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان یەکدەنگی و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە هەموو لایەکەوە نیشان بدەن، ئەوەش وای کردووە بەرامبەرەکان پاشەکشە بکەن یان سڵ بکەنەوە، چونکە ئێستا هەرێم هێزێکی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و گەلێکی هەیە بە کیمیاباران، ئەنفال و وێرانکاری نەوەستاوە.
لەبارەی ئامانجی پشت بڕیارەکانی بەغدا و پرسی بیرە نەوت و دەروازەکان، محەممەدی حاجی مەحموود جەختی کردەوە، بابەتەکە نەوت نییە و ئەو سیناریۆیەی لە ناوچەی "جورف سەخر" دروستیان کرد، هیچ بنەمایەکی نەبووە و نەوتیشی لێ نییە. باسی لەوە کرد، رەنگە مەبەستیان دەرکردنی هێزەکانی ئەو ناوچەیە بووبێت تا ئەو حکوومەت و لایەنانەی لە سووریا دامەزراون لەو ناوچانەی نزیک لە سنووری سووریا و ئوردن جێگیر بکەن، بەڵام کاتێک ئەوەیان بۆ نەکرا، بۆ داپۆشینی شکستی حکوومەتی عێراق، پرسی هەرێمی کوردستانیان هێنایە نێو کایەکەوە و بە یەکدەنگیی لایەنەکان وەڵامێکی دەمشكێن درانەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ناوخۆی کوردستان و رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، محەممەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو لایەن لە رووداو و مەترسییەکان تێدەگەن و پێکەوەبوونیان کاریگەریی خۆی هەبوو و باش بوو. داواشی لێ کردن بە زووترین کات کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن و گوتی، "کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بە مانای چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکان، پێکهێنانی حکوومەت و گەڕاندنەوەی رەوایەتییە بۆ هەموو دامەزراوەکانی حکوومەت، ئەگەر هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە بن، هیچ هێزێک ناتوانێت روو بکاتە کوردستان".
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە، باشووری کوردستان جیاوازە لە پارچەکانی دیکە، چونکە زیاتر لە 105 ساڵە لە خەباتدایە و قۆناخی گەورەی لە بیستەکانی سەدەی رابردوو و رێککەوتننامەی 11ی ئازارەوە تا 34 ساڵ فەرمانڕەوایەتیی دوای راپەڕین بڕیوە، بۆیە ئێستا کورد هێزێکی گەورەی ناوچەکەیە بە مەرجێک هەمووان پێکەوە بن.