شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی بانگهێشتی ئیتاڵیا کران
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، شاندێکی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سەربازی و ئاشنابوون بە سیستمی بەرگری ئەو وڵاتە، گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و بۆ ماوەی سێ رۆژ لەسەر بانگهێشتی فەرمی دەمێننەوە.
پێنجشەممە 4ـی ئایاری 2026، رێزان حەمەساڵح نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیاوە بانگهێشتی رۆما کراون و لە فڕۆکەخانە لەلایەن جێگری ژەنەراڵی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئیتاڵیا پێشوازییان لێکراوە، لە رۆژی یەکەمی سەردانەکەدا، کۆبوونەوەیەکی وورد و بەرفراوان لەگەڵ کۆڵۆنێل لوچیانۆ پۆرتۆلانۆ، کە بڕیارە وەک سوپاسالاری نوێی ئیتاڵیا دەستبەکاربێت، ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد،لەو کۆبوونەوەیەدا، شێوازی کارکردنی وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، هەماهەنگییەکان لەگەڵ ناتۆ و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پرۆسە سەربازییەکان بۆ شاندی پێشمەرگە روون کراوەتەوە.
رێزان حەمەساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان پرسی ئەو پڕۆتۆکۆڵە سەربازییە بووە کە بڕیارە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا و حکوومەتی عێراقدا واژۆ بکرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی لە ناوچەکەدا.
باسی لەوەشکرد، شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لە ئیتاڵیا کردووە، کە بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و نێودەوڵەتی و سەرپەرشتیکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە وڵاتانی جیاواز، هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، شاندەکە بە هێلیکۆپتەری سەربازی گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی فلۆرێنس بۆ بەسەرکردنەوەی مەیدانیی یەکێک لە بنکە سەربازییە گرنگەکانی ئەو وڵاتە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێم راشیگەیاند، سوپاسالاری ئیتاڵیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە پاڵپشتییەکی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە ئەوان دەیانەوێت وەک هاوبەشێکی سەرەکی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.
هاوکات لە کۆبونەوەکاندا لایەنی ئیتاڵی جەختیان لەوەکردووەتەوە، کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانیان لە ماوەی رابردوودا تەنیا رێکارێکی کاتی بووە بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران، بەڵام لە ئێستادا پلان هەیە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بگەڕێنەوە و کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن.