قائانی: ئیسرائیل دەبێت لە لوبنان بکشێتەوە

فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت"گەلانی ناوچەکە خەڵکی لوبنان بە تەنیا جێناهێڵن و پێویستە سوپای ئیسرائیل بۆ سنوورەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگی 40 رۆژە پاشەکشە بکات".

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە پەیامێکدا، پشتیوانی لە بەرەی مقاوەمەی لوبنان دەکات و دەڵێت "سڕینەوەی ئیسرائیل لە ناوچەکە، یەکێکە لەو ئامانجانەی جیهانیی ئیسلامی کە دەکرێت بەدی بهێنرێت". 

قائانی جەخت لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبنان دەکاتەوە و رایگەیاندووە، کە هێزەکانی ئیسرائیل دەبێت بۆ شوێن و سنوورەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگی دژ بە ئێران پاشەکشە بکەن؛ ئەمەشی بە کەمترین داواکاریی بەرەی مقاوەمە ناساندووە.

هەروەها ئاماژەیداوە، کە گەلانی ناوچەکە، خەڵکی لوبنان بە تەنیا جێناهێلن. 

ئەم لێدوانانەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە کاتێکدایە، کە کۆماری ئیسلامی، لوبنان و حزبوڵڵای بە بەشێک لە بەندەکانی دانوستان و رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەزانێت، هەروەها شەوی رابردوو لوبنان و ئیسرائیل رایانگەیاند، لە دانوستانەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی ئاگربەست گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە مەرجدار کراوە بە راگرتنی تەواوی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل لەگەڵ چەند مەرجێکی دیکە.

سەرەڕای ئەم هەواڵانە، حزبوڵڵا هێشتا دژی گفتوگۆی راستەوخۆیە و بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی لوبناندا؛ هاوکات هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامن.