نێچیرڤان بارزانی: پاراستنی ژینگەی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نیشتمانیە

رۆژی هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژینگە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی دەستخۆشی ئاراستەی ژینگەپارێزان و رێکخراوەکانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ژینگە ئەرکێکی هاوبەشی نیشتمانییە. هاوکات هەرێمی کوردستان پابەندیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا دووپات دەکاتەوە.

دەقی پەیامەکە: 

ئه‌مڕۆ لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، سڵاو و پێزانین ئاراستەی سەرجەم ژینگەپارێزان، رێکخراوەکان و لايه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی هه‌رێمى کوردستان دەکەم کە دڵسۆزانە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەى جوانی وڵاتەکەمان کار دەکەن.

پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، ته‌نيا ئه‌ركێكى حكوومى نييه‌، به‌ڵكوو بەرپرسیاريه‌تییەکی گەورەی نیشتمانی و مرۆیيی هاوبەشە. ئەرکی هەموومانە لە ناوەندەکانی پەروەردە، خێزان، میدیا و دامەزراوەكان، پێکەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی ژینگەپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سروشتی وڵاتەکەمان بکەین.

دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پابەندى هاوکاری و کارکردنی هاوبەشه‌ لەگەڵ حکوومەتی عێراقى فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيدا، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەپێناو پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

رۆژی جیهانیی ژینگە لە هەمووان پیرۆز بێت.