سێنتکۆم: هێرش نەکراوەتە سەر کەشتییەکانمان
هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، زنجیرەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وەک "هۆشداریدان" ئاراستەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای عومان کردووە. ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی گومانلێکراودا گرتووە کە هاوکاریی تارانی کردووە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، لە زاری هێزی دەریایی وڵاتەکەیانەوە بڵاویان کردەوە، وڵاتەکەیان، ئەمریکا بە "تێکدانی جووڵەی کەشتیوانی نێودەوڵەتی" و "راگرتنی تانکەرەکانی نەوت" تۆمەتبار دەکات. بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئێران، ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانە وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو هەوڵانەی ئەمریکا کە بە تەنگ پێ هەڵچنین وەسفی دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ئۆقیانووسەکانی هیند و پاسفیک ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان لە شەوی رابردوودا لە ناو جەرگەی ئۆقیانووسی هیند دەستیان بەسەر کەشتییەکدا بەناوی "داڤینا" گرتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەمریکا، ئەم کەشتییە هیچ ئاڵایەکی وڵاتێکی پێوە نەبووە و لە لیستی ئەو کەشتیانەدایە کە سزای نێودەوڵەتییان لەسەرە.
فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانمان لە سەرتاسەری جیهان بۆ پەکخستنی تۆڕە نایاساییەکان. هەر کەشتییەک هاوکاریی ماددی پێشکەش بە ئێران بکات، لە هەر شوێنێک بێت رووبەڕووی دەبینەوە."
هەروەها سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکی جیادا ئەو بانگەشانەی ئێرانی بە "هەڵە و نادروست" وەسف کرد کە باسیان لە پاشەکشێ کردنی هێزەکانی ئەمریکا بە ناچاری بەرەو ئۆقیانووسی هیند کردووە.
سێنتکۆم رایگەیاند: "راستییەکە ئەوەیە کە هێزەکانی ئێران هیچ هێرشێکیان نەکردووە و تەقەیان لە کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا نەکردووە." فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر کارێکی لەو شێوەیە دەبێتە "پێشێلکارییەکی گەورەی رێککەوتنی ئاگربەست."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە کارکردنی ئازادانە لە ئاوەکانی ناوچەکەدا و هاوکات بە تەواوی سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەن کە لە ئێستادا خراوەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەم پێکدادانە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم ئاگربەستێکی هەستیاردایە، بەڵام جەنگی دەریایی و گەمارۆخستنە سەر هەناردەی نەوتی ئێران هێشتا وەک خاڵێکی سەرەکیی ململانێی نێوان واشنتن و تاران ماوەتەوە.