دەم پارتی نامەیەک ئاراستەی ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکات

داوای چەسپاندنی "مافی هیوا" بۆ ئۆجەلان دەکات

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، کە نامەیەکی فەرمیان ئاراستەی لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کردووە سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەم پرسە لە کۆبوونەوەی لیژنەکەدا بخرێتە بەر باس و لایەنی کوردییش بە وردی چاودێریی پڕۆسەکە دەکات.

هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، تولای هاتیمۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، لە نامەیەکدا بۆ لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا، جەختیان لەسەر بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردەوە کە دەڵێت مافی هیوا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشێل کراوە.

بەپێی راگەیەندراوی دەم پارتی، لە نامەکەدا داواکراوە کە لیژنەی وەزیران بە جددییەتەوە مامەڵە لەگەڵ "یاساکانی نێڵسۆن ماندێلا" و پرەنسیپی "مافی هیوا" بکات، کە بەشێکن لە بڕیارە پابەندکەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، و پێویستە ئۆجەلانیش هاوشێوەی زیندانیانی دیکە لەو مافە سوودمەند بێت.

هەروەها هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم بابەتە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە پڕۆسەی ئاشتییەوە هەیە کە ئێستا لە تورکیا باس دەکرێت، هەر بۆیە داوایان کردووە لیژنەی وەزیران بە شێوازێکی بنیاتنەرانە و لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ ئەم دۆسیەیە یەکلا بکاتەوە.

"مافی هیوا" بەو واتایە دێت کە ئەو زیندانیانەی سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، مافی ئەوەیان هەبێت دوای ماوەیەکی دیاریکراو پێداچوونەوە بە سزاکەیاندا بکرێت و هیوای ئازادبوونیان هەبێت، کە تا ئێستا تورکیا رێگری لە جێبەجێکردنی ئەم مافە بۆ ئۆجەلان دەکات.