زرنگانەوەی گوێ و کەمبوونەوەی بیستن؛ باجی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری بیستۆکەکان

شارەزایان هۆشداری لە لەدەستدانی هەمیشەیی توانای بیستن دەدەن

شارەزایانی بواری تەندروستی، لەگەڵ پەرەسەندنی بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و بیستۆکەکان لە ژیانی رۆژانەدا، هۆشدارییەکی توند دەدەن سەبارەت بەو مەترسییانەی کە بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی دەنگ و بەکارهێنان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ڕووبەڕووی توانای بیستن دەبنەوە، کە رەنگە ببنە هۆی زیانی هەمیشەیی و چارەسەرنەکراو.

شارەزایانی بواری تەندروستی هۆشدارییان داوە لەبارەی ئەو مەترسییە روو لە زیادبووانەی کە پەیوەستن بە بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری بیستۆکەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی دەنگ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم خووانە رەنگە ببنە هۆی زیانگەیاندنی هەمیشەیی بە توانای بیستن.

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە بەکارهێنانی بیستۆک و مۆبایلە زیرەکەکان بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا، پۆدکاست و سەیرکردنی ڤیدیۆکان بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبووەتەوە، بە جۆرێک کە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی رۆژانەی ملیۆنان بەکارهێنەر لە سەرتاسەری جیهاندا.

پزیشکان و پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەرکەوتنی بەردەوام بە دەنگە بەرزەکان، لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی وردەوردەی توانای بیستن، سەرباری ئەگەری تووشبوون بە کێشەی زرنگانەوەی گوێ، کە ئەم کێشانەش بە شێوەیەکی خێرا پەیوەستن بە شێوازی ژیانی سەردەمیانەوە.

لە بەرامبەردا، کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆجیا کار لەسەر دابینکردنی ئامرازی تێکەڵکراو لە نێو ئامێرە نوێیەکاندا دەکەن، کە ئامانج لێیان پاراستنی بەکارهێنەرانە لەم مەترسییانە، ئەویش لە رێگەی چاودێریکردنی ئاستی دەنگ و ئاگادارکردنەوەیان لە کاتی تێپەڕاندنی سنوورە سەلامەتەکاندا.

بۆ نموونە، ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد تایبەتمەندیی "سەلامەتیی بیستۆک" لەخۆ دەگرن، کە چاودێریی خوو و شێوازی گوێگرتن دەکات و لە کاتی تێپەڕاندنی ئەو ئاستانەی کە زیان بە بیستن دەگەیەنن، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات، لەگەڵ بوونی توانای کەمکردنەوەی ئاستی دەنگ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە کاتی پێویستدا.

هەروەها، بیستۆکەکانی گالاکسی وەکو (Pixel Buds)ـی سەر بە کۆمپانیای گووگڵ، تایبەتمەندیی "سەلامەتیی بیستن" پێشکەش دەکەن، کە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات بەدواداچوون بۆ شێوازی گوێگرتنەکانیان بکەن و لە کاتی نزیکبوونەوە لە ئاستە مەترسیدارەکانی دەنگ ئاگادار بکرێنەوە.

دامەزراوە تەندروستییەکان دووپاتی دەکەنەوە، کە بەرکەوتنی دووبارە بە ژاوەژاو و دەنگە بەرزەکان، یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی لەدەستدانی بیستن کە پەیوەستە بە شێوازی ژیانەوە. لەم روانگەیەشەوە، تیشک دەخەنە سەر گرنگیی پابەندبوون بە یاسای "60-60"، کە بە واتای گوێگرتن دێت لەسەر ئاستی 60%ـی قەبارەی دەنگەکە بۆ ماوەیەک کە لە 60 خولەکی بەردەوام تێپەڕ نەکات.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە چالاککردنی ئامرازەکانی پاراستن لە مۆبایلەکاندا و بەکارهێنانی ئەو بیستۆکانەی کە تایبەتمەندیی دابڕین و کەمکردنەوەی ژاوەژاویان هەیە، دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی تەندروستیی بیستن لەسەر ئاستی مەودای درێژخایەن.