دوای گەشتێکی هەشت ساڵە، دوو بۆشاییگەر چوونە خولگەی هەسارەی عەتاردەوە

دوای گەشتێکی هەشت ساڵە بە ناو کۆمەڵەی خۆردا، دوو بۆشاییگەری هاوبەشی ئەوروپا و ژاپۆن لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بیپی کۆلۆمبۆ"دا بە سەرکەوتوویی چوونە ناو خولگەی هەسارەی عەتارد، تا لە نزیکەوە نهێنییەکانی بچووکترین و نزیکترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆر ئاشکرا بکەن.

دوێنێ شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، هەردوو بۆشاییگەرە ئەوروپی و ژاپۆنییەکە گەیشتنە خولگەی هەسارەی عەتارد.

 ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا (ئیسا) لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەیشتنی سەرکەوتووانەی بۆشاییگەرەکانی بەو هەسارەیە راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، بزوێنەرەکانیان خێراییەکانیانی کەم کردووەتەوە، بۆ ئەوەی هێزی کێشکردنی لاوازی عەتارد بتوانێت رایانبکێشێتە ناو خولگەی خۆی.

ئەم دوو بۆشاییگەرە بەشێکن لە پڕۆژەیەکی زانستیی هاوبەشی نێوان ئاژانسی بۆشایی ئەوروپا (ئیسا) و ئاژانسی بۆشایی ژاپۆن (جاکسا) بە ناوی "بیپی کۆلۆمبۆ"، کە تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی دوو ملیار دۆلارە (1.6 ملیار یۆرۆ). 

پڕۆژەکە لە دوو بۆشاییگەری سەرەکی پێک دێت، یەکێکیان هی ئەوروپایە بە ناوی "ئێم پی ئۆ" (MPO) کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە روو و ناوەوەی هەسارەکە، ئەوی دیکەشیان هی ژاپۆنە بە ناوی "میۆ" (Mio) کە لێکۆڵینەوە لە بوارە موگناتیسییەکە و بەرگەهەوای تەنکی عەتارد دەکات.

بەپێی پلانی پڕۆژەکە، بڕیارە لە رۆژانی 9 و 10ی کانوونی یەکەمی داهاتوودا هەردوو بۆشاییگەرەکە لە یەکتر جیابکرێنەوە و بچنە خولگەی جیاوازەوە، تا لە بەرزایی جیاوازەوە نەخشەی وردی رووی عەتارد بگرن و لێکۆڵینەوە لە پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی بکەن.

 هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی، 27ی ئەم مانگە، تیمە زانستییەکانی ئەوروپا و ژاپۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی قۆناخەکانی داهاتوو بخەنەروو. بە گوتەی بەرپرسانی پڕۆژەکە، قۆناخی کارە زانستییەکان لە مانگی نیسانی 2027 دەست پێ دەکات و لانیکەم بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی تا ساڵی 2029.

پڕۆژەی "بیپی کۆلۆمبۆ" لە 20ی تشرینی یەکەمی 2018 لە گویانای فەرەنسییەوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا و لە ماوەی هەشت ساڵدا نزیکەی 10 ملیار کیلۆمەتری بڕیوە. بۆ گەیشتن بە عەتارد، بۆشاییگەرەکان نۆ جار سوودیان لە هێزی کێشکردنی هەسارەکان وەرگرتووە، بە شێوەیەک یەک جار بە تەنیشت زەویدا، دوو جار بە تەنیشت ڤینۆس و شەش جاریش بە تەنیشت عەتارددا تێپەڕیون، کە لە مانگی ئەیلوولی 2024 گەیشتنە نزیکترین خاڵ بە دووری 165 کیلۆمەتر لە رووی هەسارەکەوە. 

هەرچەندە لە ساڵی 2024دا کێشەیەکی تەکنیکی لە بزوێنەرەکاندا وای کرد گەیشتنی پڕۆژەکە لە کۆتایی 2025ـەوە بۆ تشرینی دووەمی 2026 دوابکەوێت، بەڵام لە 3ی ئەیلوولی ئەمساڵدا یەکەی گواستنەوەکە بە سەرکەوتوویی لێیان جیاکرایەوە و رێگە بۆ چوونە ناو خولگە خۆش بوو.

عەتارد لە نێو هەسارە بەردینەکانی کۆمەڵەی خۆردا کەمترین لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بە جۆرێک "بیپی کۆلۆمبۆ" تەنیا سێیەمین پڕۆژەیە سەردانی دەکات و دووەمین پڕۆژەیە دەچێتە خولگەیەوە دوای هەردوو بۆشاییگەری "مارینەر 10" لە حەفتاکان و "مێسنجەر" لە نێوان 2011 بۆ 2015. 

هاوکات ئەمە یەکەمین جارە دوو بۆشاییگەر پێکەوە لە خولگەی عەتارددا بسووڕێنەوە. زانایان هیوادارن لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ بدۆزنەوە، لەوانە چۆنیەتی دروستبوونی هەسارەکە لەو نزیکییەی خۆردا، هۆکاری بوونی بوارە موگناتیسییەکەی و چۆنیەتی پاراستنی سەهۆڵ لە ناو چاڵە سێبەردارەکانی جەمسەرەکانیدا.