ئەمریکا تۆڕێکی جیهانیی قاچاخی غازی ئێرانی سزا دا

وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "رقی ئابووری"، سزای خستە سەر تۆڕێکی نێودەوڵەتی کە سەدان ملیۆن دۆلار غازی سروشتیی شلی ئێرانییان (LPG) بە ناوی غازی وڵاتی "عومان"ەوە هەناردەی وڵاتانی ئاسیا کردووە. هاوکات، چەندین کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو و کەشتیگەلی سێبەر کە هاوکاریی دارایی سوپای پاسدارانیان کردووە، خرانە لیستی سزاکانەوە.

هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە دەرەکییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، تۆڕێکی بەرفراوان کە لە وڵاتانی ئیمارات، چین و دوورگەکانی مارشاڵ جێگیر بوون، ملیۆنان بەرمیل غازی ئێرانییان بە شێوەیەکی نایاسایی گواستووەتەوە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەم بارەیەوە گوتی: "ئابووریی ئێران لە لێواری داڕماندایە و سوپاکەشی تێکشکێنراوە. ئێمە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی رقی ئابوورییەوە، هەموو ڕێگەکانی دەورلێدانەوەی سزاکان و کەشتیگەلی سێبەری ئێران لەناودەبەین."

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی گەنجینە، دوو بازرگان بە ناوەکانی "سەرباز عەبدولزادە" (ئەفغانی) و "محەمەد شاکۆل میهاندۆست" (تورک)، لە رێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیای سێبەر لە ئیمارات و چین، غازی ئێرانییان وەک "غازی عومانی" ناساندووە تاوەکو سزاکانی ئەمریکا تێپەڕێنن و بیفرۆشنە وڵاتانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئاسیا، بەتایبەت وڵاتی بەنگلادیش.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمریکا سزای بەسەر شەش تانکەری زەبەلاحی گواستنەوەی غازدا سەپاند کە بە ئاڵای وڵاتانی جیاوازەوە (پالاو، پەنەما، سانت کیتس) کاریان بۆ ئێران کردووە. کەشتییەکانی وەک (LPG SEVAN، MD 23، GLENDALE و MILE) لەو لیستی سزایانەدان.

بەشێکی دیکەی سزاکان کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو "مێهرداد گەرامیان نیک و هاوبەشەکانی" لە تاران گرتەوە. ئەم کۆمپانیایە تۆمەتبارە بە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار دراوی بیانی بۆ بانکە سزادراوەکانی ئێران وەک (بانکی میللەت، بانکی تیجارەت و بانکی پاسارگاد).

وەزارەتی گەنجینە ئاشکرای کرد کە مێهرداد گەرامیان، خاوەنی کۆمپانیایەکە، رەگەزنامەی وڵاتی "دۆمینیکا"ی کڕیوە تاوەکو بتوانێت بە ئازادی گەشت بکات و دەستی بە سیستمە بانکییە نێودەوڵەتییەکان بگات بۆ تێپەڕاندنی سزاکان.