چوار بەربەست لەبەردەم رێککەوتنی ئەمریکا و ئێراندا هەیە

لە کاتێکدا جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەچێتە چوارەم مانگی خۆیەوە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامن. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، چوار تەوەری سەرەکی وەک گەورەترین بەربەست لەبەردەم هەر جۆرە تێگەیشتنێکی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا دەستنیشان دەکات.

1. گەرووی هورمز و ئاسایشی کەشتیوانی

داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە یەک لەسەر پێنجی نەوت و غازی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت، شۆکێکی گەورەی بە بازاڕەکانی وزە و خۆراک گەیاندووە. کردنەوەی گەرووەکە ئەولەویەتی یەکەمی واشنتنە، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نییە؛ چونکە جگە لە بوونی چەندین کەشتیی پەککەوتوو، ناوچەکە لەلایەن ئێرانەوە مینڕێژ کراوە. لە بەرانبەردا، تاران داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی دەکات وەک مەرجێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە.

2. دۆسیەی ئاڵۆزی ئەتۆمی

ئەمە یەکێکە لە پڕکێشەترین خاڵەکان. ئەمریکا دەڵێت ئێران بۆمبی دەوێت، بەڵام تاران نکوڵی لێ دەکات. ئێستا ئێران یۆرانیۆم بە ڕێژەی 60% دەپیتێنێت کە زۆر لە ئاستی مەدەنی (5%) بەرزترە. پێشنیازێک هەیە کە ئێران ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بنێرێتە وڵاتێکی دۆست و لەوێ ڕێژەکەی کەم بکرێتەوە بۆ 5%، بەڵام هێشتا ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەوەی کەی و چۆن پشکنەران بگەڕێنەوە و چارەنووسی ئامێرە پێشکەوتووەکانی پیتاندن (سەنتەرفیوجەکان) چی لێ دێت.

3. موشەکە بالیستییەکان

پێش جەنگ، داواکاری سەرەکیی ئەمریکا ئەوە بوو کە ئێران مەودای مووشەکەکانی سنووردار بکات تاوەکو نەگەنە ئیسرائیل. ئێران هەمیشە ئەم داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت خاوەندارێتی چەکی نەریتی مافێکی نیشتمانییە و جێگەی گفتوگۆ نییە، و تا ئێستاش خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکییە.

4. سزاکان و داراییە بلۆککراوەکان

ئابووریی ئێران بەهۆی ساڵانێک لە سزا و جەنگی چەند مانگی ڕابردووەوە لە لێواری داڕماندایە. تاران بە جددی داوای هەڵگرتنی هەموو سزاکان و ئازادکردنی دەیان ملیار دۆلار داهاتی نەوت دەکات کە لە بانکە بیانییەکاندا سڕ کراون. خاڵێکی نوێی دانوستانەکان ئەوەیە کە ئێران داوای "قەرەبووی زیانەکانی جەنگ"یش لە ئەمریکا دەکات.

ئەم چوار خاڵە وەک "گرێکوێرە"ی دانوستانەکان دەبینرێن و هەر پێشکەوتنێک لە یەکێکیاندا، بەستراوەتەوە بە سازشی لایەنی بەرامبەر لە خاڵێکی دیکەدا، ئەمەش وای کردووە پڕۆسەی ئاشتی زۆر بە خاوی بەڕێوە بچێت.