موحسین رەزایی: رێککەوتن بەندە بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی CNN رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا بەندە بەوەی ئیدارەی ترەمپ رەزامەندی بدات لەسەر ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە بلۆکەکراوەکانی ئێران.
هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی CNN، هۆشداری دایە واشنتن ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئەمریکا دەچێتە ناو رێڕەوێکی تارکەوە گوتیشی: "گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست و دەبێت دۆناڵد ترەمپ ئەم بنبەستە بشکێنێت، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ترەمپدایە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێران داوای ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار دەکات دەستبەجێ دوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی، و 12 ملیارەکەی تریش لە قۆناغێکی دواتردا، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی ئازادکردنی ئەو پارانە کارتی فشار لە دەستیان دەربهێنێت.
هاوکات رەزایی هۆشداری دا، ئەگەر ئەمریکا جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئێران جەنگەکە بۆ دەرەوەی کەنداوی عەرەبی دەگوازێتەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی فراوان دەکات بۆ زەریای هیندی، گەرووی بابولمەندەب، دەریای سور و دەریای ناوەڕاست، گوتیشی: "رەهەندێکی دیکە دەدەین بە جەنگەکە بە هێرشکردنە سەر ئەو بنکە ئەمریکییانەی کە تا ئێستا هێرشمان نەکردوونەتە سەر."
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و خامنەیی، رەزایی ئەو ئەگەرەی رەتکردەوە و گوتی: "ئەمە روونادات، لە ئێستادا ئێمە لە قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانداین و ترەمپ گفتوگۆکانی گەیاندووەتە بنبەست."
ئەم قسانەی موحسین رەزایی راوێژکاری سەربازی رێبەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، ترەمپ ئەم هەفتەیە گوتبوی کە جێگەی شانازییە بۆی لەگەڵ خامنەیی کۆببێتەوە.
لەبارەی گەرووی هورمزەوە موحسین رەزایی ئاماژەی بەوە کرد، ئێران و عومان سەروەرییان بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە و بەیەکەوە بەڕێوەی دەبەن، گوتیشی،" ئێران کرێی چاککردنەوە و پاراستن لەو کەشتیانە وەردەگرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، چونکە نابێت تێچووی بەڕێوەبردنی گەرووەکە تەنیا لەسەر شانی ئێران بێت".
لە کۆتاییدا، رەزایی گومانی خۆی لەسەر مانەوەی هەر رێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ترەمپ دەربڕی و گوتی،" ئەگەر گفتوگۆکان سەرنەگرن و ئەمریکا هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران، "ئەوا جیهان هێزی راستەقینەی ئێران دەبینێت، چونکە هێزی زەمینیمان چەندین جار لە مووشەکەکانمان بەهێزترە."