بەریتانیا رەخنەی توند لە جێگرەکەی ترەمپ دەگرێت

حکوومەتی بەریتانیا لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەتدەکاتەوە و هۆشداری دەدات لە دەستوەردانی بیانی لە کاروباری دیموکراسی وڵاتەکەی.

حکوومەتی بەریتانیا رەخنەی توندی لە گوتەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لێدوانانە دەربارەی کوشتنی قوتابییەک بە ناوی هێنری نۆڤاک، هەوڵێکی دەرەکییە بۆ دەستوەردان لە دیموکراسی بەریتانیا. 

ڤانس پێشتر رەخنەی لە مامەڵەی دەسەڵاتداران لەگەڵ ئەو دۆسیەیە گرتبوو، تاوانەکەی بە دەرئەنجامی کۆچی نایاسایی بەستبووەوە.

 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەمبارەوە رایگەیاند، بنەماڵەی قوربانییەکە داوایان کردووە، رووداوەکە بۆ هاندانی رق و کینە یان گرژی کۆمەڵایەتی نەقۆزرێتەوە.

 کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کەسایەتییە بیانییەکانی وەک ئیلۆن مەسکی بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵدەدەن دووبەرەکییە گشتییەکان لە دەوری ئەو دۆسیەیە توندتر بکەن. 

ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، مشتومڕی سیاسی لە بەریتانیا دەربارەی کۆچ و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پەرەی سەندووە، حکوومەتیش رەخنەگرانی بە خراپبەکارهێنانی رووداوەکە بۆ قازانجی سیاسی تۆمەتبار دەکات.