پۆلیسی هەولێر: تۆمەتبار ئاسۆ مەجید لەناو زینداندا خۆی کوشتووە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێک کە بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، لەناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و لێکۆڵینەوەکان و راپۆرتی پزیشکی دادوەریش ئەو راستییەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

رۆژی یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، تۆمەتبار (ئاسۆ مەجید قادر) کە لەدایکبووی ساڵی 1977ـە و پیشەی پێشمەرگەیە لە یەکەی پاسەوانی سەر بە هێزەکانی زێرەفانی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو.

ئاماژە بەوەش دراوە، تۆمەتبارەکە بەگوێرەی ماددەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 دەستگیر کراوە. ناوبراو پێشتر و لە رێکەوتی 2ی نیسانی 2026 لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، لە رێکەوتی 5ی حوزەیرانی 2026، کاتژمێر 12:20ی نیوەڕۆ، ناوبراو لەناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

پۆلیسی هەولێر جەختی کردووەتەوە، تیمی نەهێشتنی بەڵگە و تاوان و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، شانبەشانی راپۆرتی پزیشکی دادوەری، لە رێگەی بەڵگەی سەلمێنراوەوە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ناوبراو خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.