قالیباف: بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی رەوای هێزەکانمان

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداری دا کە گەمارۆی دەریایی دژ بە گەلی ئێران و پشتگیرییەکانی واشنتن بۆ تەلئەڤیڤ، تەواوی بنکە و داراییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، دەکاتە ئامانجی رەوای هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی.

یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لایەنی بەرامبەر نە پابەندی ئاگربەستە و نە بڕوای بە گفتوگۆ هەیە، سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی تایبەت بە لوبنان نیشانیان دا کە تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن.

قالیباف لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "گەمارۆی دەریایی دژ بە گەلی ئێران و ئەو پشتگیرییە بەردەوامانەی واشنتن بۆ تەلئەڤیڤ، بنکە و داراییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانجی رەوا بۆ هێزەکانمان."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەختی لەسەر ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێمە وەک هەمیشە کراوەیە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی رایگەیاندبوو، "ئێمە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و بە ئازار دەدەینە ئیسرائیل بەرامبەر بە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان.

رەزایی گوتوبووشی: "ئەمشەو سەیری ئاسمانی ئیسرائیل بکەن."