سوپای پاسداران: ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمشەو تەنیا ئاگادارکردنەوەیەک بوو
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیاند، لە وەڵامی تاوانە فراوانەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی بێتاوانی ناوچەکانی سۆر، نەبەتیە و زاحیەی بەیروت، هێزی هوافەزای سوپا بنکەی ئاسمانی "رامات دەیڤید"ی بە موشەکی بالیستیک کردە ئامانج، کە سەرچاوەی سەرەکی ئەو هێرشانە بووە.
یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، قبوڵکردنی ئاگربەست لە لایەن تارانەوە مەرجدار بووە بە راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون.
بەپێی بەیاننامەکە، ئیسرائیل سەرەڕای بەردەوامبوونی هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان، چەندین جار دەستدرێژی کردووەتە سەر کەشتییە ئێرانییەکان لە گەرووی هورمز، دەریای عومان و زەریای هیند، بەوەش رێککەوتنی ئاگربەستیان پێشێل کردووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمشەو تەنها ئاگادارکردنەوەیەک بووە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک، وەڵامەکانی ئێران زۆر فراوانتر دەبن و تەواوی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەگرنەوە.