وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرشەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل وەڵامی پێشێلکردنی ئاگربەستە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکانی ئەمشەو بۆ سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە باکووری ئیسرائیل، وەڵامێکی ڕەوا بووە بۆ پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەرژەوەندییەکانی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دوای پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەستی ڕێککەوتی 8ـی نیسان و دووبارەبوونەوەی کردەوە دەستدرێژکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و ئێران، هێزە چەکدارەکانی ئێران چەند ئامانجێکی سەربازییان لە باکووری خاکی فەلەستین پێکا."

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئیسرائیل لە دوو هەفتەی رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر کەشتی و ئامانجە ئێرانییەکان لە ناوچەکانی باشووری ئێران و دەستی داوەتە "ڕێگریی دەریایی" دژی گەلی ئێران، بۆیە تاران لە چوارچێوەی ماددەی 51ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەک مافێکی رەوای بەرگری لە خۆکردن، ئەم هێرشانەی ئەنجامداوە.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئاگربەست لە لوبنان بەشێکی دانەبڕاوە لە تێگەیشتنی ئاگربەستی مانگی نیسان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران حکوومەتی ئەمریکا بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و لێکەوتەکانی و زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە دەزانێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، تاران هۆشداری توند دەدات و دەڵێت، "هەر جۆرە سەرکێشییەکی نوێی ئیسرائیل دژی لوبنان یان کۆماری ئیسلامی ئێران، رووبەڕووی وەڵامێکی توندتر و گشتگیرتری هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە."