پۆلیسی هەولێر: ئەو دوو تۆمەتبارەمان دەستگیرکرد کە ئەشکەنجەی گەنجێکیان دابوو
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند: گەنجێکیان ئەشکەنجە دابوو و ڤیدیۆکەشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە تێیدا گەنجێک لێی دەدرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هانای کێشەکەوە چوون."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هێزەکانی پۆلیس لە بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە (بنکەی پۆلیسی دارەتوو) دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکانیان دەسپێکردووە و توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و رادەستی یاسایان بکەن.
پۆلیسی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران دەگیرێتەبەر و ئاماژەی بەوەش کردووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا زانیاریی وردتر لەسەر هۆکار و چۆنیەتی رووداوەکە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.