رووسیا، پووتین لە چاودێریی ئینتەرنێت دەشارێتەوە

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، دەزگا ئاسایشی رووسیای فیدراڵ بەشێک لە سیستەمی چاودێریی تایبەت بە پاراستنی ڤلادیمێر پووتین و یاریدەدەرە باڵاکانیان داخستووە. 

سەرچاوە ئاگادارەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەو سیستەمەی کە پشت بە 300 هەزار کامێرای چاودێری دەبەستێت لە مۆسکۆ، لەلایەن ئەندازیارانەوە پشکێنراوە و بە تەواوی لە ئینتەرنێت دابڕێنراوە و پاشان دووبارە خراوەتەوە گەڕ.

ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆف، بەڕێوەبەری دەزگای ئسایشی رووسیای فیدراڵیی (FSB)، رایگەیاندووە، سیستەمە فراوانەکانی چاودێری بوونەتە خاڵی لاواز و دوژمنان وەک کەلێنێک بۆ دزەکردن بەکاریان دەهێنن. ئاماژەی بەوەش کردووە، کوژرانی بەرپرسانی ئێران نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوەی روونە، چونکە شوێنی قوربانییەکان لە رێگەی دەرگای پشتەوەی سۆفتوێرەکانی سیستەمی کامێرای تارانەوە دۆزراوەتەوە.

ئەم رێکارە دوای ئەوە هات هەواڵگریی ئیسرائیل توانی بڕێکی زۆر لە تۆماری کامێراکانی هاتووچۆی ئێران کۆبکاتەوە. لە رێگەی ئەو داتایانەوە، شوێن و کاتی وردی کۆبوونەوەیەکی خامنەیی لە 28ـی شوباتدا دەستنیشانکرا، تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسە ئەمنییە باڵاکان لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژران.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کوژرانی خامنەیی لەناو کۆمەڵگەی سەرۆکایەتیدا، بازدانێکی تەکنەلۆژیی نیشان دا. ئیسرائیل ژیریی دەستکردی بەکارهێناوە بۆ شیکردنەوەی ملیۆنان کاتژمێر ڤیدیۆ، تا بتوانێت ئامانجەکان بدۆزێتەوە و چاودێرییان بکات.

پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد وایکردووە تەنیا دەموچاو ناسینەوە نەبێت، بەڵکو سیستەمەکان دەتوانن شێوازی رەفتار و جوڵەی پاسەوانە تایبەتەکان بناسنەوە و لە ماوەیەکی کەمدا مەلەفێکی تەواو بۆ چالاکیی چەند مانگێکی کەسەکان دروست بکەن. هەروەها ئەم سیستەمانە زانیاری لە سۆشیاڵ میدیا، پەیوەندییە هاککراوەکان و مایکرۆفۆنی ئامێرە زیرەکەکانیشەوە کۆدەکەنەوە.

رووسیا لەوەتەی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر بەرپرسە سەربازییەکانی لەناو مۆسکۆ دەستیپێکردووە، لە دڵەڕاوکێدایە. هاککەرێکی ئۆکرانی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، سەرەڕای رێکارەکانی رووسیا، بەڵام کامێراکانی مۆسکۆ و دەوروبەری کرێملین هێشتا کار دەکەن و بەردەوام هاک دەکرێن.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و چینیش خاوەنی ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەن و بۆ مەبەستی هەواڵگری و چاودێریی ورد بەکاری دەهێنن.