لە سنووری چۆمان هاووڵاتییەک بەرمین کەوت

لە سنووری شارۆچکەی چۆمان، بەهۆی تەقینەوەی مین هاووڵاتییەک بە سەختی بریندار بوو و گومان دەکرێت قاچێکی لەدەستدابێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئاگادارکراینەوە هاووڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی حاجی ئۆمەران بە ناوی (ڕەحیم وسو)، لە کوێستانەکانی سنوورەکە مین پێیدا تەقیوەتەوە. دەستبەجێ تیمی تەندروستیی بنکەی حاجی ئۆمەرانمان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە."

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا تیمەکان لە رێگادان بۆ گواستنەوەی بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی چۆمان و گوتیشی: "ئێمە لە نەخۆشخانە هەموو ئامادەکارییەکی پێویستمان لە رووی پزیشک و پێداویستی تەندروستییەوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکە."

سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی هاووڵاتییەکە، محەممەد جەبار رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانی تیمی فریاگوزاری، بریندارەکە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، گومان دەکرێت قاچێکی لەدەستدابێت.