سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئوردن واژۆ دەکات

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئوردن بەڕێکەوت (وێنە: نووسینگەکەی)
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئوردن بەڕێکەوت (وێنە: نووسینگەکەی)

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی واژۆکردنی چەند یادداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێداندا، بەرەو ئوردن بەڕێکەوت.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەرەو شانشینی ئوردنی هاشمی بەڕێکەوت.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، لە سەردانەکەدا سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو بەرپرسیارێتییانەی دەکەونە ئەستۆی وڵاتان.

هەروەها باسی لەوە کرد، بڕیارە چەند یادداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکرێن بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە بەردەم بەرنامە و پڕۆژەی ئابووری و گەشەپێدانی هاوبەش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل.

حەیدەر عەبوودی، گوتی، سەردانەکە لەم کاتەدا گوزارشت لە دیدگایەکی هاوبەشی نێوان بەغدا و عەممان دەکات بە مەبەستی فراوانکردنی رووبەری راوێژی عەرەبی و هەرێمی بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو چارەسەرانەی ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیریی گەلەکانی دەپارێزن.

عێراق و شانشینی ئوردن پەیوەندییەکی مێژوویی و ئابووریی بەهێزیان هەیە و لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵەکانیان بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە زیاتر کردووە. هەردوو وڵات لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و پیشەسازیدا چەندین رێککەوتنیان هەیە. 

یەکێک لە دیارترین پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوانیان، پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای هەردوو وڵات و دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەشە. هەروەها بابەتی دروستکردنی بۆریی نەوتی بەسرە بۆ عەقەبە هەمیشە بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردەکانی عێراق و ئوردن بووە.