مانگی هەنگوینیی پزیشکێکی عێراق بە مەرگ کۆتایی هات
گەشتی مانگی هەنگوینیی پزیشکێکی گەنجی عێراقی لە وڵاتی تایلەند بەهۆی پێوەدانی مێروویەکی ژەهراوییەوە بە کارەساتێکی خەمناک کۆتایی هات و گیانی لەدەست دا.
شەمس لوئەی، پزیشکی گەنجی عێراقی تەنیا دوو هەفتە دوای چوونە نێو ژیانی هاوسەرگیرییەوە، لە کاتی بەسەربردنی مانگی هەنگوینی لە ناوچە گەشتیارییەکانی تایلەند مێروویەکی نەناسراو پێوەی دا.
پاش رووداوەکە باری تەندروستیی بە خێرایی تێکچوو، راستەوخۆ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی توندیی کاریگەریی ژەهرەکە و کاردانەوەی هەستیاریی جەستەی، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک نا. ئەم رووداوە کۆمەڵگەی پزیشکی و شەقامی عێراقی تووشی شۆکێکی گەورە کرد.
شەمس لوئەی لەدایکبووی ساڵی 1995ـە و دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی نەهرەینە. ئەو پزیشکە قوتابیی بۆردی تایبەت بە منداڵان بووە و لە نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرامە کاری کردووە.
مەرگی ئەم پزیشکە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی رووی داوە و خەمێکی قووڵی لە نێو هاوپیشە و کەسوکارەکەیدا بەجێ هێشت.