لێکۆد وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: ناتانیاهۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکات و دەیباتەوە

پارتی لێکۆدی ئیسرائیلی وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای دایەوە کە تێیدا گومانی لە داهاتووی سیاسیی بنیامین ناتانیاهۆ کردبوو؛ لێکۆد جەخت دەکاتەوە کە ناتانیاهۆ کاندیدیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و سەرکەوتووش دەبێت.

رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، پارتی لێکۆد کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکایەتی دەکات، لە راگەیەندراوێکی کورتدا رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکات و دەیباتەوە."

ئەم روونکردنەوەیەی پارتی لێکۆد پاش ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی (ABC News)، ناتانیاهۆی بە "سەرۆکوەزیرانی کاتی جەنگ" وەسف کرد، بەڵام نیشانەی پرسیاری گەورەی خستە سەر داهاتووی سیاسیی و گوتی: "ئەوە پرسیارێکی کراوەیە کە ئایا ناتانیاهۆ جارێکی دیکە خۆی کاندید دەکاتەوە، خۆشی دەیەوێت بەردەوام بێت یان نا."

هاوکات، بەگوێرەی راپرسییەکی "پەیمانگەی دیموکراسیی ئیسرائیل"، 61%ی ئیسرائیلییەکان پێیان وایە ناتانیاهۆ نابێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی کنێست کاندید بکاتەوە، لە بەرامبەردا تەنیا 35%ی ئیسرائیلییەکان لەگەڵ کاندیدکردنەوەی دان.

بڕیارە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە مانگی سێپتێمبەر یان ئۆکتۆبەری داهاتوو ئەنجام بدرێن، ئەمەش پاش ئەوەی خولی ئێستای پەرلەمان (کنێست) لە مانگی ئۆکتۆبەردا کۆتایی دێت.

بنیامین ناتانیاهۆ کە تەمەنی 76 ساڵە، لە کۆتایی ساڵی 2022وە سەرۆکایەتی حکوومەتێک دەکات کە بە راستڕەوترین حکوومەت لە مێژووی ئیسرائیل دادەنرێت. ناتانیاهۆ لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت، هەروەها لە ساڵی 2024وە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە کەرتی غەززە، داواکراوە.