بناری هەڵگورد کوێستانە دڵگیرەکەی کوردستان
لە بناری چیای هەڵگورد، بەرزترین لووتکەی هەرێمی کوردستان، سروشت تابلۆیەکی بێوێنەی نەخشاندووە، کە تێیدا سپێتی بەفر و سەوزی و گوڵاڵەکانی بەهار پێکەوە دەردەکەون. ئەم ناوچەیە کە بە "کوێستانە دڵگیرەکە" ناسراوە، رۆژانە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران و سروشتدۆستان دەکات.
لووتکەی هەڵگورد کە 3607 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، تەنانەت لە وەرزە گەرمەکانیشدا بەفری تێدا دەمێنێتەوە. لێژایی و بنارەکانی ئەم چیایە بوونەتە مەڵبەندی سەرچاوەی ئاوی سازگار و خوڕەی بەفرەتاو، کە دیمەنێکی سیحراوی بە ناوچەکە دەبەخشن و ئاوڕشێنی دەروونی گەشتیاران دەکەن.
ئەحمەد سەرچەشمەیی، کە وەک گەشتیارێک رووی لە ناوچەکە کردووە، سەرسامیی خۆی بۆ جوانیی بناری هەڵگورد دەربڕی و گوتی "بەهەشتی خودا ئەوەیە. لە تەواوی دونیا باوەڕناکەم هیچ جێگەیەک وەک بناری هەڵگورد و کوردستان جوان هەبێ، هەم لە جوانی، هەم لە خۆشی و ئارامیی کەشوهەواکەی. ئینشاڵڵا بەتەماین دوو شەو بمێنینەوە، ساڵانەش بەردەوام هاتوچۆی ئێرە دەکەین."
جیا لە لایەنە گەشتیارییەکەی، ژینگەپارێزان جەخت لەسەر پاراستنی ئەم سامانە سروشتییە دەکەنەوە. فەرسەت شاباز، ژینگەپارێز، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی پاکوخاوێنیی ناوچەکە کرد و رایگەیاند "ئەو ژینگە جوانەی کە ئێستا لێرە هەیە، پاراستنەکەی لەسەر ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی و ئاینییە. بۆیە لەسەر هەموومان پێویستە ئەو کەسەی دێتە ئێرە، هەم رێز لە ژینگەکە بگرێت، هەم پاراستنەکەشی وەک ئەرکێکی نیشتمانی و وەک ئەرکێکی ئاینیش پەیڕەو بکات، چونکە گوناحە تۆ دێیتە ئێرە ئەو سروشتە جوانە، ئەو گوڵ و گوڵزارە، ئەو کێو و چیایە و ئەو بەفر و ئەوانەی لێرەیە تێکی بدەیت، جێگای داخە."
ناوچەی حەساری سەکران و بناری هەڵگورد، جیا لەوەی لە بەهار و هاویندا بۆ گەشتیاران دڵگیرە، لە وەرزی بێری و ئاژەڵداریشدا دەبێتە هەوارگەیەکی پڕبەرەکەت بۆ ئاژەڵدارانی ناوچەکە. ئەم تابلۆ سروشتییە، کە لای شاعیران وەک بەرهەمێکی بێوێنە دەبینرێت، ساڵانە گەشتیارانی زیاتر بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت و دەکەوێتە سنووری باڵەکایەتی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.