سامان بەرزنجی: ناوەندی گەنجان سوودی زۆری کەرتی تەندروستی دەبێت
رێباز حەملان جەخت لەوە دەکاتەوە، حکوومەتی عێراق تەنیا مووچەی ناردووە و بودجەی نەناردووە، لەلای خۆیەوە وەزیری تەندروستی باس لە گرنگی کردنەوەی ناوەندی گەنجان دەکات بۆ کەرتی تەندروستی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی رایگەیاند: ناوەندی گەنجان یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی گەنجان، کە ژمارەیەک پرۆگرام و بەرنامەی هۆشیاری زۆر پێشکەوتووی تێدایە، لەرووی تەندروستییەوە گەنج و لاوان رۆڵێکی گەورە دەبنن لە خزمەتگوزاری تەندروستی، هەروەها هەموو ئەو گەنجانەی لە کەرتی تەندروستی کاردەکەن، پێویستیان بە خۆ پێگەیاندنی زیاتر و هۆشیاری زیاترە، هەروەها ئەم ناوەندە بۆ کۆنفرانسە زانستییەکان و توانا پزیشکییەکان دەتوانین سوودی لێببینین، نەوەی داهاتوو لەم ناوەندەدا سوودمەندی سەرەکی دەبیت.
هەروەها لەلای خۆیەوە، لەکاتی کردنەوەی ناوەندی گەنجان رێباز حەملان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەبوو کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن، لەگەڵ تەواوی لایەنەکان زۆر بە راشکاوی باسی گرفتەکانی کرد.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، تەواوی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت زۆر بە دروستی باسکراوە کە لە ریگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت، هەروەها هیچ خاڵێکی هەرێمی کوردستان نەماوە، کە حکوومەتی عێراق تێبینی لەسەر هەبێت، هیوادارین حکوومەتی عێراقیش پابەندبێت.
رێباز حەملان جەخت لەوە دەکاتەوە، بودجە بەس مووچە نییە، بەڵکو مووچە لە چوارچێوەی بودجەیە، حکوومەتی عێراق بودجەی ناردووە، بەڵکو تەنیا مووچەی ناردووە.