ترەمپ: ئێران بە ساویلکەمان دەزانێت
سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: کە واشنتن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر ژێرخانی ئێران. دەشڵێت: "ئێرانییەکان کات دەکوژن و بە ساویلکەمان دەزانن."
چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: واشنتن هاوشێوەی دوێنێ، گورزی زۆر بەهێز لە ئێران دەوەشێنێت.
هاوکات روونی کردەوە کە وڵاتەکەی داوای رێککەوتنێکی "راستەقینە، کاریگەر و جێبەجێکراو" لەگەڵ تاران دەکات، و گوتی: "ئێران پێشتر هاوڕابوو لەسەر بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی، بۆیە پێویستە ئێستاش ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەن."
ترەمپ گوتی: ئێرانییەکان بەردەوامن لە کاتکوشتن و بە ساویلکەمان دەزانن، بەڵام پرۆسەکە هێشتا لەگەڵ تاران کۆتایی نەهاتووە.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و پیشەسازیی ئێران، ترەمپ ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ دەرکردنی فەرمانی هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکان، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە بخاتە روو.
هەروەها ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی بەوە کردبوو، کە هێشتا دەرفەت لەبەردەم ئێراندا هەیە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی نوێ تا لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکان ڕزگاری بێت.
لە لایەکی دیکەوە، پیت هێگسێس، وەزیری جەنگیی ئەمریکا، لە سەردانێکیدا بۆ بنکەی سەربازیی گوانتانامۆ لە کوبا رایگەیاند: کە هاندانی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیاتر لە لایەن ئێرانەوە کارێکی نەفامانەیە.
ئاماژەی بەوە کرد، کە هێرشەکانی ئەمریکا تەنیا لایەنی بەرگرییان هەیە بۆ پاراستنی هێزەکان لە ناوچەکەدا، و گوتی: "ترەمپ دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێکی گشتگیر کە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا بپارێزێت و رێگر بێت لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ئەم گرژییە نوێیە دوای ئەوە هات کە هێزەکانی ئەمریکا چەندین پێگەیان لە باشووری ئێران بۆردومان کرد، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئێران هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئاپاچی ئەمریکی لە گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە.
هێزەکانی ئێران لە بەرامبەردا بە هەڵدانی مووشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت، بەحرەین و ئوردن وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە، کە بەپێی زانیارییەکان سەرجەمیان لە لایەن سیستمی بەرگریی ئەمریکاوە تێکشکێندراون.