پزیشکیان وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە
سەرۆککۆماری ئێران، وەڵامی هەڕشەکانی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند: تاران بە بەهێزی لە بەرانبەر هەر فشار و دەستدرێژییەکدا دەوەستێتەوە. دەشڵێت: هەڕەشەکانت بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی نیشانەی بێدەسەڵاتیتە لە بەرامبەر ئیرادەی گەلی ئێراندا.
چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ نووسیویەتی: "ژێرخانە مەدەنییەکان شادەماری سەرەکیی ژیانی خەڵکن؛ هەڕەشەکردن لەم ژێرخانانە، لە تۆڕەکانی گواستنەوەوە بگرە تا دەگاتە کەرتی ئاو و کارەبا، پیشاندانی هێز نییە، بەڵکوو بەڵگەیەکی روونە لەسەر نائومێدی و بێدەسەڵاتی لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵایینی گەلدا".
سەرۆککۆماری ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە توانای ناوخۆیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە فشار و هەڕەشەیەکدا خۆڕاگر دەبێت، بە پشتبەستن بە ئەزموون، لێهاتوویی، یەکڕیزیی نیشتمانی و هاوسۆزیی هاووڵاتیانی."
ئەم پەیامە توندەی سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشداریی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێی دایە تاران.
سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو: "ئێمە بە هێزێکی زۆرەوە هێرش دەکەینەوە سەر ئێران، هەروەکوو چۆن دوێنێ هێرشمان کردە سەریان، چونکە پێویست بوو رێککەوتنەکە واژۆ بکەن."